گوتەبێژی سوپای پاسداران کوژرا
سوپای پاسدارانی ئیسلامی ئێران لە بەیاننامەیەکدا، کوژرانی سەردار سەرتیپ پاسدار "عەلی محەممەد نائینی"، جێگری پەیوەندییە گشتییەکان و گوتەبێژی فەرمی سوپای پاسدارانی پشتراستکردەوە.
بەگوێرەی بەیاننامەکە، سەردار نائینی لە ئەنجامی هێرشێکی ئەمریکا و ئیسرائیل لە بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی 20ـی ئاداری 2026، کۆتا رۆژی مانگی پیرۆزی رەمەزاندا کوژراوە. سوپای پاسداران وێڕای سەرەخۆشی لە رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی، خانەوادەی کوژراو، هێزە چەکدارەکان و میدیاکاران، ئەم رووداوەی وەک تاوانێکی دیکەی دوژمنان وەسف کرد.
لە بەشێکی بەیاننامەکەدا هاتووە؛ سەردار نائینی بۆ ماوەی زیاتر لە چوار دەیە لە بوارە جیاجیاکانی پاسەوانیکردن لە شۆڕشی ئیسلامی خزمەتی کردووە. لەوانە، رۆڵی دیار لە بواری راگەیاندن و پڕوپاگەندەی جەنگی لە ماوەی هەشت ساڵی بەرگریی پیرۆزدا، بەڵگەنامەکردن و گێڕانەوەی مێژووی بەرگریی پیرۆز.
گوتەبێژیی سوپای پاسداران لە دوو ساڵی رابردوودا و لە کاتی ئۆپراسیۆنەکانی (بەڵێنی راستگۆیی( 2، 3، 4) بووە.