قادر ئەسعەد غەریبیت دەکەمی بڵاوکردەوە
قادر ئەسعەد، هونەرمەندی گۆرانیبێژ، نوێترین بەرهەمە گۆرانی بە ناوی "غەریبیت دەکەم"، بە ڤیدیۆ کلیپ بڵاوکردەوە.
هەینی 20ی ئاداری 2026، قادر ئەسعەد، هونەرمەندی گۆرانیبێژ، دەربارەی بڵاوکردنەوەی بەرهەمە نوێیەکەی بە کوردستان24ی گوت " ئەو گۆرانییە نوێیەم لە تێکست و میلۆدی خۆمە، ستۆدیۆی هونەر کاری میکس و ماسترینگی بۆی کردووە، مکیاژ لەلایەن بریا پیرداود ئەنجامدراوە، کاری دیکۆر لەلایەن ئارام ناسر و شانۆ ئەکرەم کراوە، مەعرووف عەلائەددین کاری وێنەگرتنی بەرهەمەکەی کردووە، دلێر دلاوەر دەرهێنەری ڤیدیۆ کلیپەکە بووە."
قادر ئەسعەد گوتیشی، "سەرەرای ئەوەی بارودۆخی ناوچەکەمان ئاڵۆز و نالەبارە، بەڵام ژیان بەردەوامە و نابێت بوەستێت، هەر بۆیە من دەمێکە بەڵێنم دابوو کە بۆ چەژنی نەورۆز بەرهەمێکی نوێ بڵاوبکەمەوە، ئەو بەرهەمە نوێیەشم پێشکەش بە هەموو هەوادارە خۆشەویستەکانم دەکەم و هیوادارم بەدڵی هەموو لایەک بێت و چێژی لێ ببینن."
قادر ئەسعەد، هونەرمەندی گۆرانیبێژ، لەساڵی 1967 لە هەولێر لە دایکبووە، لە ساڵی 1985 یەکەم ئەلبوومی خۆی بە ناوی "جالا" بڵاوکردەوە. لە ساڵی 1991 یەکەم تاک ئەلبوومی خۆی بەناوی قادر ئەسعەد کە لە 10 تراک پێکھاتبوو بڵاوکردەوە.