پزیشکیان: ئێران خوازیاری جەنگ لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ نییە

سەرۆککۆماری ئێران، لە پەیامێکدا بە بۆنەی هاتنی جەژنی نەورۆز و سەری ساڵی نوێ، جەختی لەوە کردەوە، کە وڵاتەکەی هیچ بەرنامەیەکی بۆ هەڵگیرساندنی جەنگ لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و ئیسلامی نییە، هاوکات پێشنیازی دامەزراندنی پێکهاتەیەکی ئەمنی هاوبەش و پەرلەمانێکی ئیسلامی بۆ وڵاتانی ناوچەکە کرد.

مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران، بە بۆنەی هاتنی جەژنی نەورۆز و سەری ساڵی نوێ، پەیامێکی بڵاو کردەوە تێیدا هاتووە، نەورۆز هێمای یەکگرتوویی و دەسپێکی نوێیە و ئەمساڵ زیاتر لە هەر کاتێک پێویستمان بە تەبایی و وەلانانی کێشە ناوخۆیی و دەرەکییەکانە". 

هاوکات لە پەیامەکەیدا پزیشکیان پرسە و سەرەخۆشی خۆی بۆ کۆچی دوایی بەرپرسانی باڵای وڵات دەربڕی و جەختی کردەوە کە، ئێران هەوڵ بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ دەدات.

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا پزیشکیان رەخنەی توندی لە سیاسەتەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل گرت و تۆمەتباری کردن بەوەی دەیانەوێت سیمایەکی توندوتیژ لە ئێران نیشان بدەن.

سەبارەت بە پرسی ئەتۆمیش پزیشکیان گوتی: "بەپێی فەتوای رێبەری شۆڕش، بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی حەرامە و ئێران هەرگیز هەنگاو بەرەو پەرەپێدانی چەکی کۆمەڵکوژ نانێت". 

سەرۆککۆماری ئێران داوای لە وڵاتانی ناوچەکە کرد کە نەکەونە داوی "دوژمنان" و پێکەوە کار بۆ سەقامگیری و گەشەپێدانی ئابووریی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکەن.

هەروەها دووپاتی کردەوە، کە وڵاتەکەی هیچ بەرنامەیەکی بۆ هەڵگیرساندنی جەنگ لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و ئیسلامی نییە.

پزیشکیان لە کۆتایی پەیامەکەیدا، پێشنیازی دامەزراندنی پێکهاتەیەکی ئەمنی هاوبەش و پەرلەمانێکی ئیسلامی بۆ وڵاتانی ناوچەکە کرد.

ئەمەش لە کاتێکدایە، بەیانیی شەممە، 28ـی شوباتی 2026، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر ئێران دەست پێکرد و لە ئەنجامدا چەند سەرکردەیەکی وڵاتەکە کوژران.

لە بەرانبەردا ئێران هەر زوو وەڵامی ئەو هێرشانەی دایەوە و وێڕای ئاراستەکردنی ژمارەیەک مووشەک بۆ ئیسرائیل، چەندین بنکە و بارەگا سەربازییەکانی ئەمریکای لە وڵاتەکانی ناوچەکەدا کردە ئامانج.