ئیسرائیل هێرشێکی بەرفراوانی کردە سەر باشووری لوبنان
سوپای ئیسرائیل بەیانی ئەمڕۆ شەممە، 21ـی ئاداری 2026، رایگەیاند؛ شەپۆلێکی هێرشی ئاسمانیی چڕیان کردووەتە سەر چەند ئامانجێکی حزبوڵڵا لە بەیروت، ئەمەش دوای ئەوەی هۆشدارییان دابوو بە دانیشتووانی حەوت گەڕەکی جیاواز لە زاحیەی باشووری پایتەختی لوبنان بۆ چۆڵکردنی ناوچەکانیان.
سوپای ئیسرائیل لە بەیاننامەیەکی کورتدا ئاماژەی بەوە کردووە، هێزەکانیان ئێستا بنکە و بارەگاکانی رێکخراوی حزبوڵڵا لە بەیروت بۆردومان دەکەن.
پێش دەستپێکردنی هێرشەکان، گوتەبێژێکی سەربازیی ئیسرائیل داوای لە دانیشتووانی زاحیەی باشوور کردبوو، کە بە مۆڵگەی سەرەکیی حزبوڵڵا دادەنرێت، ماڵەکانیان چۆڵ بکەن و لەو ناوچانە دوور بکەونەوە کە وەک ئامانج دەستنیشان کرابوون.
لە لایەکی دیکەوە، میدیا فەرمییەکانی لوبنان بڵاویانکردەوە، لە ئەنجامی هێرشێکی توندی ئیسرائیل بۆ سەر ماڵێک لە باشووری وڵاتەکە، زیانی گیانی کەوتووەتەوە. ئاژانسی نیشتمانیی لوبنان (NNA) رایگەیاند: "فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل بەرەبەیانی ئەمڕۆ هێرشێکی توندیان کردە سەر ماڵێک لە شارۆچکەی (غەندوریە) لە شارۆچکەی بنت جبیل."
بەگوێرەی زانیارییەکانی ئاژانسەکە، ئەو هێرشە بووەتە هۆی کوژرانی کەسێک و برینداربوونی دوو کەسی دیکە، دوای هێرشەکە لەژێر داروپەردووی خانوووە رووخاوەکەدا دەرهێنراون.
ئەم پەرەسەندنانە لە کاتێکدایە گرژییەکانی نێوان ئیسرائیل و حزبوڵڵا گەیشتوونەتە ئاستێکی مەترسیدار و هێرشە ئاسمانییەکان بۆ سەر ناوچە جیاوازەکانی لوبنان بەردەوامییان هەیە.