ئاری هەرسین: پارتی و یەکێتی بۆ کۆبوونەوە ئامادەن
ئاری هەرسین دەڵێت، پارتی و یەکێتی ئامادەن بۆ تاوتوێکردنەوەی پێکهێنانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان.
ئەمڕۆ دووشەممە، 01ـی حوەزەیرانی 2026، ئاری هەرسین، بەرپرسی لقی چواری پارتی دیموکراتی کوردستان، سەردانی مەڵبەندی یەکی رێکخستنی یەکێتیی نیشتمانی کوردستانی لە سلێمانی کرد بەمەبەستی گەیاندنی پەیامی پیرۆزبایی بە بۆنەی 51ـەمین ساڵیادی دامەزراندنی حزبەکە.
ئاری هەرسین لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا جەختی کردەوە، پەیوەندییەکانیان لەگەڵ یەکێتی ئاسایین و گوتی، "ئەگەر پەیوەندیی یەکێتی و پارتی لە حاڵەتی ئاسایی خۆیدا نەبووایە، ئێمە ئەمڕۆ چیمان دەکرد لێرە؟".
ئەو بەرپرسە باسی لەوەش کرد، هەردوو شاندی دانوستانکاری پارتی و یەکێتی ئامادەن بۆ ئەوەی جارێكی دیکە لەسەر مێزی گفتوگۆ دابنیشن و پێکهێنانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان تاوتوێ بکەن.
بەرپرسی لقی چواری پارتی دووپاتیشی کردەوە، "یەکێتی و پارتی ئامڕازی خزمەتکردنی نیشتمانن و دەبێت بە ئەرکی خۆیان هەستن و نابێت پەرتەوازە بن".
هەر ئەمڕۆ، فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان بە مەبەستی پیرۆزبایی، سەردانی فراکسیۆنی یەکێتییان کرد.
رۆژ شێخ سالار، پەرلەمانتاری پارتی لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا گوتی "وەک فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، پیرۆزبایی دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانمان لێکردن. بەھیوادارین لەو ڕۆژەدا پەیامەکەی جەنابی سەرۆک بارزانی، کە داوای لە ھەموو حزب و لایەنەکان کرد بەرژەوەندیی تەسکی حزبی وەلابنێن، بیر لە بەرژەوەندیی گەلەکەمان، میللەتەکەمان و هەرێمەکەمان بکەنەوە؛ ھەموو لایەک پێکەوە بتوانن دابنیشن و بەڕاستی بیر لە بەرژەوەندیی گەلەکەمان بکەنەوە".
ئەو پەرلەمانتارە گوتیشی "هەرێمەکەمان زۆر بە کاتێکی ھەستیاردا تێدەپەڕێت. ھیوادارین ئەمە ببێتە هۆی یەکبوون، یەکڕیزی و کاراکردنەوەی پەرلەمانی خۆمان."