کوێستان محەمەد: کار بۆ دابینکردنی شایستە داراییەکانی نەخۆشانی ئۆتیزم دەکەین
وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا دوایین ئامار و هەنگاوەکانی وەزارەتەکەی بۆ خزمەتکردنی منداڵانی خاوەن پێداویستی تایبەت و بەتایبەتی منداڵانی ئۆتیزم خستەڕوو.
ئەمڕۆ دووشەممە، 1ـی حوزەیرانی 2026، کوێستان محەمەد، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بەوە کرد، لە سەرەتای دەستبەکاربوونی ئەم کابینەیەدا، تەنیا 11 سەنتەری ئۆتیزم 3 حکوومی و 8 ئەهلی لە هەرێمی کوردستان هەبوون، بەڵام ئێستا ئەم ژمارەیە بۆ 69 سەنتەر بەرزبووەتەوە، کە 13یان حکوومی و 56یان ئەهلیین.
سەبارەت بە هۆکاری ئەم زیادبوونە، کوێستان محەمەد رایگەیاند: "ئێمە رێنماییەکانمان هەموار کردەوە و کارئاسانیمان بۆ کەرتی تایبەت کرد بۆ ئەوەی کێبڕکێ دروست بێت و نرخەکان دابەزن. پێشتر نرخەکان گەیشتبوونە هەزار دۆلار بۆ هەر منداڵێک، بەڵام ئێستا نرخەکان زۆر دابەزیون." هەروەها جەختی کردەوە، لیژنەی باڵا و چاودێرییان بۆ وردبینی لە ئاستی خزمەتگوزارییەکان پێکهێناوە و چەندین سەنتەریشیان بەهۆی پابەندنەبوون بە رێنماییەکان داخستووە.
بەگوێرەی گوتەکانی وەزیر، ئێستا 1756 منداڵ لە سەنتەرەکان خزمەتگوزاری وەردەگرن. هەروەها گۆڕانکاری لە رێنمایی مۆڵەتی بەخێوکەردا کراوە؛ بە جۆرێک ئەگەر لە خێزانێکدا پتر لە منداڵێکی ئۆتیزم هەبێت، هەردوو دایک و باوکەکە دەتوانن مۆڵەت وەربگرن، کە تا ئێستا 569 دایک و باوک سوودمەند بوون لەم مۆڵەتە.
لەبارەی هاوکارییە داراییەکانەوە، کوێستان محەمەد ئاشکرای کرد، لە کۆی 3927 منداڵی ئۆتیزم لە هەرێمی کوردستان، تەنیا 310یان هاوکاریی مانگانە وەردەگرن. گوتیشی: "پشکنینمان بۆ تەواوی منداڵانی دیکە کردووە و دۆسیەی 16 هەزار کەمئەنداممان رەوانەی بەغدا کردووە. تیمێکی وەزارەت دەچێتە بەغدا بۆ ئەوەی لە کاتی گفتوگۆکانی بودجەی 2026، تەرخانی دارایی بۆ مووچەکانیان بکرێت."
وەزیری کار ئاماژەی بەوەش کرد، بە رەزامەندی سەرۆکی حکوومەت، دوو ئاسانکاری گرنگ بۆ منداڵانی ئۆتیزم کراوە:
1- پشکنین و چارەسەری بێبەرامبەر لە سەرجەم نەخۆشخانە حکوومییەکان.
2- راییکردنی راستەوخۆی مامەڵەکانیان لە فڕۆکەخانەکان بەبێ چاوەڕوانی.
کوێستان محەمەد دەستخۆشی لە رێکخراوە مرۆڤدۆستەکان، کۆمپانیاکان و بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی وەزارەت کرد بۆ پشتیوانیکردنی بەردەوامیان لە خێزانی منداڵانی ئۆتیزم و کەمئەندامان.