ئیسماعیل بەقایی: داواکارییەکانی ئەمریکا بوونەتە هۆکاری درێژەکێشانی رێککەوتن
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، گۆڕینی بەردەوامی هەڵوێستەکانی واشنتن و دەستوەردانەکانی ئیسرائیل هۆکاری سەرەکین بۆ درێژەکێشانی پرۆسەی دانوستانەکان و جەختیشیکردەوە کە هێشتا هیچ گفتوگۆیەک لەسەر وردەکاریی دۆسیەی ئەتۆمی نەکراوە.
ئەمڕۆ دووشەممە 1ی حوزەیرانی 2026، ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، سەرەڕای راگەیاندنی ئاگربەستێکی رووکەش، بەڵام ئیسرائیل بەردەوامە لە تاوانەکانی لە لوبنان و فەلەستین، گوتیشی: "ئیسرائیل گەورەترین هەڕەشەیە بۆ سەر ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەکگرتووەکانیش تەنیا بینەری دۆخەکەن."
بەربەستەکانی بەردەم دانوستان:
سەبارەت بە گفتوگۆکانی نێوان تاران و واشنتن، بەقایی ئاماژەی بەوە کرد کە دانوستانەکان لە کەشێکی بێ متمانەیی و گومانێکی زۆردا بەڕێوەدەچن. گوتیشی: "لایەنی بەرانبەر بەردەوام دیدگا و داواکارییەکانی دەگۆڕێت و پەیامی دژبەیەک دەنێرێت، ئەمەش پرۆسەکەی درێژکردووەتەوە. جگە لەوەش ئیسرائیل وەک فاکتەرێکی تێکدەر هەموو دەرفەتێکی دیپلۆماسی بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان لەنێو دەبات."
ئاگربەست و پرسی ئەتۆمی:
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران جەختی کردەوە کە ئاگربەست لە لوبنان بەشێکی دانەبڕاوە لە هەر رێککەوتنێکی کۆتایی بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ. ئاشکراشی کرد کە لەم قۆناغەدا هیچ دانوستانێک لەسەر وردەکارییەکانی دۆسیەی ئەتۆمی نەکراوە و تاران تەنها جەخت لەسەر راگرتنی شەڕ دەکاتەوە.
سندوقی ئاوەدانکردنەوە:
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە دروستکردنی سندوقێکی 300 ملیار دۆلاری بۆ ئاوەدانکردنەوەی ئێران پاش جەنگ، بەقایی گوتی: "ئەم بابەتە یەکێکە لە بڕگەکانی ئەو 14 خاڵەی کە لە تێگەیشتنی سەرەتاییدا باسی لێوەکراوە بۆ قەرەبووکردنەوەی زیانەکانی جەنگ، بەڵام وردەکارییەکان هێشتا پێویستیان بە گفتوگۆی زیاتر هەیە."
پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە:
سەبارەت بە دەستبەسەرکردنی چوار هاووڵاتی ئێرانی لە لایەن کوەیتەوە، داوای کرد بە زووترین کات رێگەیان پێ بدرێت دەستیان بە کونسوڵخانەی وڵاتەکەیان بگات. هۆشداریشی دا بە وڵاتانی ناوچەکە کە رێگە نەدەن خاک و ئاسمانیان لە لایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە بۆ هێرشکردنە سەر ئێران بەکاربهێنرێت، چونکە ئەوە بە پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان هەژمار دەکرێت.
لە کۆتاییدا، بەقایی رەخنەی توندی لە یەکێتیی ئەوروپا گرت و هەڵوێستەکانیانی بە "دووڕوویی" وەسف کرد، چونکە بە گوتەی ئەو، ئەوروپا چاوپۆشی لە هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل دەکات، بەڵام کاتێک ئێران بەرگری لە خۆی دەکات، سەرکۆنەی دەکەن.