سوپای پاسداران: هێرشمان کردووەتە سەر دەیان ناوچەی سەر بە ئەمریکا و ئیسرائیل
سوپای پاسدارانی ئێران جێبەجێکردنی شەپۆلی 70ـی ئۆپەراسیۆنی بەڵێنی راستگۆ چواری راگەیاند، کە زیاتر لە 55 شوێنی سەر بە ئیسرائیل و ئەمریکای کردە ئامانج.
ئەمڕۆ شەممە، 21ـی ئاداری 2026، فەرمانگەی پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای پاسداران راگەیەندراوێکی بڵاوکردووەتەوە، 70ـمین شەپۆلی ئۆپەراسیۆنی بەڵێنی راستگۆ چوارمان جێبەجێکرد، ئاماژەی بەوەشدا، زیاتر لە 55 شوێنی سەر بە ئەمریکا و ئیسرائیلمان لە ناوچەکانی رۆژئاوای ئاسیا بۆردومان کرد.
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، لە ئۆپەراسیۆنەکەدا چەند بنکەیەکی ئەمریکییەکان لە 'ئەلخەرج، ئەلزەفرە، عەلی سالم بۆردومان کراوە، بەتایبەتی کەشتی دەریایی پێنجەم، کە لە 24 کاتژمێری رابردوودا لەلایەن سیستەمی مووشەکی قیام و عیماد و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە کرانە ئامانج.
لە درێژەی راگەیەندراوەکەدا هاتووە، چڕبوونەوەی ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای پاسداران بۆ سەر ناوچە ستراتیژییەکانی حەیفا و تەلئەڤیڤ، بەتایبەتی لە شوێنەکانی وەک 'حزێرە، کیریات ئۆنۆ و ساڤیۆن و بن عامی' و بەردەوامە بۆ لەناوبردنی ئامانجەکان، ئەمەش بە بەکارهێنانی سیستەمی مووشەکی هێشوویی خوڕەمشەهر-4 و قەدر.
باسلەوەشکراوە، "لەم قۆناخەی شەڕدا زۆر گرنگە دووپاتی بکەینەوە کە سوپای پاسداران وەک بەشێک لە ستراتیژی خۆی، زیاتر لە جاران هێرش دەکاتە سەر ئەو شوێنانەی کە لێیانەوە هێرشمان دەکرێتە سەر."
جەختیشی کردەوە، هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران و سوپای پاسداران خۆیان بۆ قۆناغێکی لەو شێوەیە ئامادە کردووە.