ئێران: لە هێرشەکەی سەر دامەزراوەی ئەتۆمیی نەتەنز هیچ دزەکردنێکی ماددە تیشکدەرەکان رووی نەداوە

بەیانیی ئەمڕۆ شەممە، 21ـی ئاداری 2026، هێرشێکی ئاسمانی کە دەسەڵاتدارانی ئێران بە "دەستدرێژیی ئەمریکی-ئیسرائیلی" ناوی دەبەن، کرایە سەر دامەزراوەی پیتاندنی یۆرانیۆمی ئەتۆمی نەتەنز.

دوای ڕووداوەکە، رێکخراوی وزەی ئەتۆمیی ئێران لە راگەیەندراوێکی فەرمیدا بڵاویکردەوە، تیمی تەکنیکی و پسپۆڕییەکانی سەر بە سەنتەری سیستەمی ئاسایشی ئەتۆمیی ئێران دەستبەجێ پشکنینی مەیدانییان بۆ ناوچەکە کردووە، بەمەبەستی چاودێریکردنی هەر جۆرە دزەکردن و بڵاوبوونەوەیەکی ماددە تیشکدەرەکان.

رێکخراوەکە ئاماژەی بەوە کردووە، بەهۆی پلان و ئامادەکارییە پێشوەختەکانەوە، ئەو داتایانەی لە سیستەمەکانی پشکنینی ئەتۆمیدا تۆمارکراون، دەریدەخەن کە هیچ جۆرە دزەکردنێکی تیشکدەری لەو دامەزراوەیەدا بەهۆی هێرشەکەوە رووی نەداوە، هاوکات دڵنیاییشی داوە کە هیچ جۆرە مەترسییەک لەسەر ژیان و تەندروستیی دانیشتووانی ناوچەکانی دەوروبەری دامەزراوەکە بوونی نییە.

لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا هاتووە، رێکخراوی وزەی ئەتۆمیی ئێران هێرشەکەی سەرکۆنە کردووە و جەختی لەوە کردووەتەوە کە ئەم جۆرە دەستدرێژییانە پێشێلکارییەکی ئاشکرای یاسا و بەڵێننامە نێودەوڵەتییەکانن، بەتایبەتی پەیماننامەی قەدەخەکردنی بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی (NPT) و سەرجەم یاساکانی دیکەی پەیوەست بە سەلامەتی و ئاسایشی ناوەکی لە جیهاندا.