پۆلیسی دووبز هاوینەهەواری 'پردێ' داخست و هۆشدارییەکی بەپەلەشی بڵاوکردەوە

بنکەی پۆلیسی قەزای دووبز بڕیاری دا بە داخستنی تەواوەتیی هاوینەهەواری پردێ و هۆشدارییەکی بەپەلەی ئاراستەی هاووڵاتییان و گەشتیاران کرد کە بەهۆی بەرزبوونەوەی لەناکاوی ئاستی ئاوی رووباری 'زێ'وە، سەردانی ئەو ناوچانە نەکەن.

لە راگەیەندراوەکەی پۆلیس دا هاتووە، داوا لە خەڵک دەکەن لە ئێستا روو نەکەنە ناحیەی پردێ، ناوچەی نەمرە 8 و دارستانەکانی شوناعە، ئاماژە بەوەش کراوە، وەک رێکارێکی خۆپارێزی و لەپێناو پاراستنی گیانی هاووڵاتییان، رێگە نادرێت هیچ کەسێک بچێتە ناو هاوینەهەوارە گەشتیارییەکەی ناحیەکەوە.

سەبارەت بە هۆکاری دەرکردنی ئەم بڕیارە، روون کراوەتەوە کە بەرزبوونەوەی بەرچاوی ئاستی ئاوی رووبارەکە بەشێک لە زەوییە نزیکەکانی داپۆشیوە و مەترسیی خنکان یان ئاوبردن بەهۆی بەهێزیی تەوژمی ئاوەکەوە دروست بووە، بۆیە پاراستنی گیانی گەشتیاران لەم دۆخەدا لە پێشینەی کارەکاندایە.

هەر لە چوارچێوەی رێکارەکانی بەهاناوەچوونی خێرا، تیمەکانی بەرگریی شارستانی و تیمی فریاگوزاریی ئاوی لە ناوچەکە و بەدرێژایی کەناراوەکانی رووبارەکە بڵاوەیان پێکراوە، ئەو تیمانە خراونەتە حاڵەتی ئامادەباشیی بۆ چاودێریکردنی وردی دۆخەکە و دەستوەردانی خێرا لە ئەگەری روودانی هەر حاڵەتێکی نەخوازراو و کتوپڕدا.