زنجیرەیەک تەقینەوە تاران و دەوروبەری هەژاند

فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل هێرشێکی چڕ و توندیان کردە سەر تاران و دەوروبەری، بەهۆیەوە دەنگی زنجیرەیەک تەقینەوەی بەهێز پایتەختی ئێرانی هەژاند.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، 22ی ئاداری 2026، لە کاتژمێر 3:30 خولەک تاوەکوو 4:45 بە کاتی تاران، زنجیرەیەک تەقینەوەی بەهێز و لەدوای یەک شارەکانی تاران، کەرەج، پەردیس و دەماوەندیان هەژاند.

بە گوتەی خەڵکی دانیشتووی رۆژئاوای تاران، لە گەڕەکانی ئەکباتان و تارانسەر، هەروەها لە بەری باشووری تاران، لە ناوچەکانی شاری رەی، لە رۆژهەڵاتیش، لە ناوچەکانی پەردیس و دەماوەند، بەهێزی و کاریگەری تەقینەوەکان سەرجەم خانوو و باڵەخانەکانیان هەژاندووە و لە زۆربەی ناوچەکانی نزیک تەقینەوەکانش شووشەی پەنجەر و دیواری بەشێک لە خانوو و باڵەخانەکان شکان و درزیان بردووە.

بەگوێرە ئەو زانیاریانەی بڵاوکراوەتەوە، مەزندە دەکرێت بنکە سەربازییەکانی مەیسەمی و حەیدەری کەڕاڕ لە دەماوەند و دامەزراوەکانی پیشەسازیی ئاسمانی لە رۆژئاوای تاران لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانەوە بۆمبباران کرابن.

هاوکات لە ناوچەی شاری رەی لەگەڵ یەکەم دەنگی تەقینەوەدا، کارەبای بەشێک لە گەڕەکەکان بڕاوە.

جگە لە تاران، لە ئاسمانی شارەکانی مەلایر و ئەراک دەنگی فڕۆکە جەنگییەکان بیستراوە.

لەلایەن خۆیەوە سوپای ئیسرائیل رایگەیاندووە، بەرە بەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، زنجیرەیەک هێرشی چڕ و پڕیان کردووەتە سەر تاران و چەند ناوچەیەکی دیکەی ئێران، کە لە هێرشەکاندا بنکە و بارەگا سەربازییەکان و بەشێک لە ژێرخانە ئابوورییەکانیان بۆمبباران کردووە.