رۆژنامەیەکی ئیسرائیلی: جەنگ فراوانتر دەبێت

رۆژنامەی "ئیسرائیل هیوم" بڵاویکردەوە، ئەمریکا تاوتوێی فراوانکردنی بازنەی جەنگ دەکات بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی گەرووی هورمز.

رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەش داوە، تەنانەت ئەگەر جەنگیش لەم کاتەدا بوەستێت، ئێران وەک پێشووی لێ نایەتەوە و ئەمریکاش پێش بەدەستهێنانی ئامانجەکانی بڕیاری وەستاندنی جەنگ نادات.

بەگوێرەی زانیارییەکانی رۆژنامەکە، ئامادەکاری دەکرێت بۆ قۆناغەکانی داهاتووی فراوانکردنی جەنگ.

رۆژنامەکە روونیشی کردەوە، قۆناغی داهاتوو لێدانی جۆری نوێی ئامانجەکانی ئێران لەخۆ دەگرێت، رەنگە ئامانجەکانی جەنگی داهاتوو دامەزراوە ئەتۆمییەکان و ژێرخانی ئەو وڵاتە بگرێتەوە.

لە کۆتاییشدا ئیسرائیل هیوم ئەوەی خستە روو، ئەگەری جێبەجێکردنی هێرشێکی زەمینی ئەمریکا بۆ ناو خاکی ئێران لە بەرزبوونەوەدایە.

لە 28ی شوباتی 2026ەوە جەنگی هاوبەشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەستی پێکردووە. لە بەرانبەردا ئێران هێرشی مووشەکی و درۆنی کردووەتە سەر ئیسرائیل و بنکەکانی ئەمریکا، هەروەها گەرووی هورمزی داخستووە، ئەمەش کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر بازاڕی وزە و ئابووریی جیهان داناوە.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا مۆڵەتی 48 کاتژمێری داوەتە ئێران بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز. هەروەها هەڕەشەی ئەوەی کردووە ئەگەر ئەو گەرووە نەکرێتەوە، ئەوا وێستگە گەورەکانی وزەی ئێران وێران دەکات. لە لایەکی دیکەوە، فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا رایگەیاند، بەکارهێنانی بۆمبی قورس لەلایەن فڕۆکە ئەمریکییەکانەوە تواناکانی ئێرانی بۆ هەڕەشەکردن لە گەرووی هورمز لاواز کردووە.

پێشهاتەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن قەیرانەکە بەرەو قۆناغێکی مەترسیدارتر دەڕوات، بەتایبەتی دوای ئەوەی هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل دامەزراوە ئەتۆمییەکانی وەک نەتەنز و چەندین بنکەی سەربازی و ژێرخانی ئێرانیان کردووەتە ئامانج. هەروەها هێرشە پێچەوانەکانی ئێرانیش زیانیان بە چەندین ناوچەی ئیسرائیل گەیاندووە و زیاتر لە 100 کەس بریندار بوون.