بەردەڕەش.. بووکێک و دوو کەسی دیکە لە رووباری خازردا خنکان
بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی ئاکرێ لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، بەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە، 22ی ئاداری 2026، رووداوێکی هاتوچۆ لەسەر رێگای "قایماوە بۆ مەندان" لە سنووری قەزای بەردەڕەش روویدا و ئۆتۆمبێلی خێزانێک وەرگەڕاوەتە ناو رووباری خازر.
بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانی ئاماژەی بەوە دا، دەستبەجێ تیمەکانی بەشی بەردەڕەش بە سەرپەرشتیی بەڕێوەبەری بەشەکە گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە.
روونیشی کردەوە، حەوت کەس لەناو ئۆتۆمبێلەکەدا بوون و تەمەنیان لە نێوان 17 بۆ 40 ساڵیدا بووە، لە ئەنجامدا چوار کەسیان بریندار بوون کە پێکهاتبوون لە پیاوێک و سێ ئافرەت، هەروەها سێ ئافرەتی دیکە گیانیان لەدەست داوە.
بە گوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، یەکێک لەو ئافرەتانەی گیانی لە دەستداوە، بووک بووە، لە ئاهەنگی گواستنەوە دەگەڕانەوە ماڵەوە و لە رێگە تووشی رووداوەکە بوونە.
کوردستان24 زانیویەتی، هەموو قوربانییەکان لە پێکهاتەی "عەرەبن" و دانیشتووی گوندێکی سنووری قەزای شێخانن.
بە گوێرەی راگەیەنراوەکەی بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی ئاکرێ، قوربانییەکان رەوانەی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی بەردەڕەش کراون.