حووسییەکانی یەمەن: ئەمریکا خۆی خستووەتە نێو قۆڕاوێکدا نازانێت چۆن لێی دەربچێت

حووسییەکانی یەمەن لە راگەیەنراوێکدا رایانگەیاند، لە بەرانبەر پێشهاتەکانی ناوچەکە "دەستەوەستان نابن".

لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە، "ئەمریکا بە دەستدرێژییەکانی بۆ سەر رۆڵەکانی ئوممەت، خۆی خستووەتە قەیرانێکی ستراتیژیی گەورەوە و هەوڵدەدات کەسانی دیکەش تێوەبگلێنێت و رایانکێشێتە ناو ئەو قۆڕاوەی خۆی تێی کەوتووە، هەروەها کەسانێکیش هەن هەوڵدەدەن لەو قۆڕاوە دەربهێنن."

گرووپەکە هۆشداریشی دا، "هەر هەوڵێک بۆ هێنانی هەر هێزێکی بیانیی دەرەکی لە هەر سوچێکی جیهانەوە بۆ ناوچەکە، ئەوا خۆیان دەبنە یەکەم دۆڕاوی ئەم شەڕە."

هەروەها حووسییەکان هۆشدارییان دا، "هەر هەوڵێک بۆ فراوانکردنی بازنەی دەستدرێژییەکان، کاریگەریی نەرێنی لەسەر بارودۆخی تەواوی ناوچەکە دەبێت، بە زنجیرەکانی دابینکردن، نرخی وزە و ئابووریی جیهانیشەوە بەگشتی."

ئەوەش خراوەتەروو: "هێزە ئازادەکانی رۆڵەکانی ئوممەت لە ناوچەکەدا رێگە بە هیچ دەستوەردانێکی دەرەکی نادەن"، داواشی لە "سەرجەم ئازادیخوازانی ناو ئوممەت کرد، ریزەکانیان یەکبخەن و هەوڵەکانیان هەماهەنگ بکەن و هاوکاری یەکتر بن، چونکە بەرپرسیارێتییەکە بەرپرسیارێتیی هەمووانە و شەڕەکەش شەڕی ئوممەتە."

ئاماژەی بەوەش کرد، گرووپەکەیان "چاودێری پێشهاتەکان دەکات و رێوشوێنی گونجاو لە بەرانبەریاندا دەگرێتەبەر و دەستەوەستان نابێت."

رۆژی پێنجشەممەش، عەبدولمەلیک حووسی، سەرۆکی حووسییەکانی یەمەن رایگەیاند، "لە رووی سەربازییەوە ئامادەین بۆ هەر شتێک پێشهاتەکانی ناوچەکە بیخوازێت"، جەختیشی کردەوە، "پەرەسەندن و فراوانکردنی دەستدرێژییەکان، رێڕەوی دوژمنان (ئیسرائیل)ـە لە دەستدرێژییەکانیاندا بۆ سەر ناوچەکە."

لە 28ی شوباتی رابردووەوە، ئیسرائیل و ئەمریکا هێرشەکانیان بۆ سەر ئێران دەستپێکردووە، کە بوونەەتە هۆی کوژرانی سەدان کەس، لە نێویاندا عەلی خامنەیی، رێبەری باڵا و بەرپرسە باڵاکانی ئەمنی، لە کاتێکدا تاران بە هەڵدانی مووشەک و درۆن (فڕۆکەی بێفڕۆکەوان) بەرەو ئیسرائیل، وەڵام دەداتەوە.

هەروەها ئێران ئەوەی خۆی بە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە وڵاتانی عەرەبی وەسف دەکات دەکاتە ئامانج، ئەمەش بووەتە هۆی کوژران و برینداربوونی چەندین کەس و زیانگەیاندن بە مڵک و شوێنە مەدەنییەکان، ئەمەش لەلایەن ئەو وڵاتانەی ئامانج کراون سەرکۆنە کراوە.

لە دوای هەڵگیرسانی شەڕی غەززە لە ئۆکتۆبەری 2023ەوە، گرووپی حووسییەکان لە یەمەن دەستیان بە هێرشکردنە سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە دەریای سوور و کەنداوی عەدەن کردووە، ئەمەش وەک پاڵپشتییەک بۆ بزووتنەوەی حەماس.