سوپای ئیسرائیل: بنکەکانی هەواڵگری و مووشەکی ئێرانمان بۆردوومان کرد

سوپای ئیسرائیل رایگەیاند, شەپۆلێکی نوێی بۆردوومانی ئاسمانیی بۆ سەر تاران ئەنجام داوە، کە تێیدا ناوەندەکانی فەرماندەیی، کارگەکانی چەک و بارەگا سەرەکییەکانی هەواڵگریی ئێرانیان کردووەتە ئامانج بە مەبەستی تێکشکاندنی جومگە سەرەکییەکانی تاران.

ئەمڕۆ یەکشەممە 22ی ئازاری 2026، سوپای ئیسرائیل (IDF) ئاشکرای کرد، فڕۆکە جەنگییەکانی وڵاتەکەی، بە پشتبەستن بە زانیارییە وردەکانی دەزگای هەواڵگریی سەربازی، ئۆپەراسیۆنێکی ئاسمانیی چڕیان بۆ سەر ژێرخانی سەربازیی ئێران لە تاران و دەوروبەری ئەنجام داوە. لەم هێرشانەدا دەیان مووشەکی قورس بەسەر ئەو شوێنانەدا بەکارهاتوون کە بۆ بەرهەمهێنان و کۆگا کردنی چەک بەکار دەهێنرێن.

بەپێی راگەیەندراوی سوپای ئیسرائیل، گرنگترین ئەو شوێنانەی کراونەتە ئامانج بریتین لە، بنکەیەکی گەورەی سوپای ئێران کە بۆ مەشقی سەربازی و کۆگا کردنی سیستەمە مووشەکییە دژەفڕۆکەکان بەکارهاتووە، دامەزراوەیەکی ستراتیژیی وەزارەتی بەرگریی ئێران بۆ بەرهەمهێنان و پاراستنی چەک و تەقەمەنی و ناوەندێکی سەرەکیی بەرهەمهێنانی چەکی هێزی ئاسمانیی سەر بە سوپای پاسداران (IRGC).

هاوکات لەگەڵ لێدان لە بنکە سەربازییەکان، ئیسرائیل جومگە ئەمنییەکانی تارانی کردووەتە ئامانج، لەوانە بارەگایەکی سەرەکیی وەزارەتی هەواڵگریی ئێران (ئیتیلاعات) و ناوەندێکی فەرماندەیی باری نائاسایی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ.

سوپای ئیسرائیل جەختی کردەوە کە ئەم هێرشانە بەشێکن لە قۆناغی قووڵکردنەوەی زیانەکان بە سیستەمە ناوەندییەکانی ئێران و ئامانجیان لاوازکردنی توانای بەرگری و هێرشبەریی تارانە.