عێراقچی: گەرووی هورمز دانەخراوە، بەڵکوو ئەو جەنگە سەپێندراوەیە، کەشتییەکانی پەکخستووە

وەزیری دەرەوەی ئێران، ڕایگەیاند، گەرووی هورمز دانەخراوە، بەڵکوو ئەوە جەنگی سەپێندراوەکەی ئەمریکایە کە کەشتیوانیی پەکخستووە. عێراقچی هۆشداریشی دا کە ناکرێت بازرگانیی ئێران گەمارۆ بدرێت و لە بەرانبەردا داوای ئاسایشی کەشتیوانی بۆ وڵاتانی دیکە بکرێت.

یەکشەممە 22ـی ئاداری 2026، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە پەیامێکدا لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس، راستەوخۆ وەڵامی هەڕەشەکانی ئیدارەی ترەمپی دایەوە و رایگەیاند، گەرووی هورمز دانەخراوە، بەڵکوو کەشتییەکان لەبەر ئەوە دوودڵن لە تێپەڕین، چونکە کۆمپانیاکانی دڵنیایی لەو شەڕە دەترسن کە ئێوە دەستتان پێکردووە، نەک ئێران.

وەزیری دەرەوەی ئێران جەختی کردەوە کە زمان و سیاسەتی هەڕەشە هیچ کاریگەرییەکی لەسەر ئیرادەی گەلی ئێران و بازاڕە نێودەوڵەتییەکان نابێت و گوتی: هەڕەشەی زیاتر سوودی نییە، هەوڵ بدەن رێز بگرن.

عێراقچی هاوکێشەیەکی روونی بۆ کۆتاییهێنان بە قەیرانەکە خستەڕوو و ئاماژەی بەوە کرد کە ئازادیی کەشتیوانی و ئازادیی بازرگانی دوو چەمکی دانەبڕاون، یان دەبێت رێز لە هەردووکیان بگرن، یان چاوەڕوانی هیچ کامیان مەکەن.

ئەم لێدوانانە دوای ئەوە دێن کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، مۆڵەتی 48 کاتژمێری دابووە ئێران بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز و هەڕەشەی کردبوو ئەگەر تاران پابەند نەبێت، ئەوا وێستگەکانی کارەبای ئەو وڵاتە بۆردوومان دەکات.