ئاژانسی فارس: فەرماندەیەکی باڵای سوپای پاسداران لە شیراز کوژرا

ئاژانسی هەواڵی "فارس"ی ئێرانی رایگەیاند؛ "ئیبراهیم مورتەزەوی" فەرماندە لە سوپای پاسدارانی ئێران، لە ئەنجامی هێرشێکی ئاسمانی بۆ سەر شیراز لە باشووری وڵاتەکە کوژراوە.

هاوکات لەگەڵ ئەم پێشهاتەدا، ئیڤی دیفرین، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، وڵاتەکەی پێشبینی دەکات شەڕی دژی ئێران و حزبوڵڵای لوبنان بۆ چەند هەفتەیەکی دیکە بەردەوام بێت. ئەم لێدوانەی گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل لە کاتێکدایە جەنگ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێ ناوەتە 24مین رۆژی خۆیەوە.

ئەم ئاڵۆزییە سەربازییە لە 28ـی شوباتی رابردووەوە دەستی پێکرد، کاتێک ئیسرائیل و ئەمریکا هێرشێکی بەرفراوانیان کردە سەر ئێران، بەهۆیەوە سەدان کەس گیانیان لەدەستدا، کە دیارترینیان عەلی خامنەیی رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران بوو.

دوای ئەوە و لە 2ـی ئاداردا، بازنەی شەڕەکە فراوانتر بوو و لوبنانیشی گرتەوە، ئەوەش دوای ئەوەی حزبوڵڵا بە فەرمی چوە ناو شەڕەکەوە. وەڵامدانەوەکانی ئێران بۆ سەر هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل، ناوچەکەی رووبەڕووی تەنگژەیەکی گەورە کردووەتەوە و کاریگەرییەکانی گەیشتووەتە وڵاتانی عێراق، ئوردن، کوەیت، بەحرەین، قەتەر، ئیمارات و سعوودیە.