بێریڤان سەربەست: زۆربەی کارە هونەرییەکانی ئێستا کرچ و کاڵن

بێریڤان سەربەست، ئەکتەری بواری درامی و سینەمایی، لەو چاوپێکەوتنە تایبەتەیدا تیشک دەخاتە سەر کارە هونەرییەکانی و باس لە نوێترین پڕۆژەی هونەری خۆی دەکات.

بێریڤان سەربەست دەڵێت، "خەڵاتی باشترین ئەکتەری کچم لە فێستیڤاڵی موسڵ وەرگرتووە، لە فیلمێکی کورت بە ناوی "پەنجەرە"، هەروەها لە زۆر بەرهەمی دیکەدا وەک مەیکئەپ  ئارتێستیش کارم کردووە."

بێریڤان سەربەست، ئەکتەری بواری درامی و سینەمایی، دەربارەی ئەزموونی هونەری خۆی بە کوردستان24ی گوت، " لەکاتێکدا هونەر وەک هەر پیشەیەکی دیکە بەرپرسیارییەکی گەورەی لەسەر شانە، هەڵبژاردنی ئەم رێگایەش ئاسان نییە، بەڵام بۆ ئەوانەی کە بە خەون و خولیایەکی راستەقینە دەچنە ناوی، دەبێتە رێگایەکی ژیان. من لە ساڵی 2007 دەستم بە کاری هونەری کردووە، لە سەرەتاوە لە شانۆوە دەستم پێکرد و بۆمن  ئەزموونێکی زۆر جوان بوو، چونکە حەز و خولیایەکی زۆرم بۆ هونەر هەبوو. دواتر بەرەو دراما و سینەما چووم، کە هەر یەکەیان بۆمن جیهانێکی تایبەتی دروستکردووە و تا ئێستا بەردەوامم لەم بوارەدا."

بێریڤان سەربەست گوتیشی، "بە بۆچوونی من، لە چەند ساڵی رابردوودا درامای کوردی توانیویەتی گەشەیەکی باش بکات و ببێتە هۆی نزیکبوونەوەی بینەری کورد لەگەڵ شاشەی خۆی، بەڵام ئەم گەشەیە درێژ نەبوو، چونکە قەیرانەکان، بە تایبەتی قەیرانی دارایی، کاریگەرییەکی زۆری لەسەر دراما و سینەمای کوردی دروست کرد، ئەم قەیرانانەش وایکرد زۆرێک لە کارە هونەرییەکان بوەستن و بینەران جارێکی دیکە روو لە دراما بیانییەکان بکەن،  ئەمەش بووە هۆی کەمبوونەوەی درامای کوردی پڕۆفیشناڵ."

ئەو هونەرمەندە باس لە کێشەکانی دراما و سینەمای کوردی دەکات و دەڵێت، "گرنگترین کێشەی درامای کوردی نەبوونی بودجەی پێویستە، هەرچەندە هەنگاوە باشەکان هەن، بەڵام کاتێک بودجە تەواو نەبێت، کارەکان ناچار دەبن کرچ و کاڵ بن، چونکە کارەکان تێر بودجە نابن. هەروەها پێویستە کۆمپانیاکانی وەبەرهێنان و کەرتی تایبەت، لەگەڵ لایەنە هونەرییەکان، هاوکاربن بۆ پشتگیری و پەرەپێدانی ئەم بوارە، بەڵام بەداخەوە ئەم هاوکارییە هێشتا بە ئاستی پێویست نییە. هەرچەندە دەرهێنەر و نووسەری باش لە کوردستان هەن، بەڵام زۆرجار دەرفەتی پێویستیان پێنادرێت، چونکە زۆرجار خەڵکانێکی دیکە نزیکن لە ناو بوارەکەدا و نایەڵن خەڵکی شایستە بگەنە پێشەوە."

بێریڤان سەربەست ئاماژەی بەوەش دا، "لە نێوان سەختی و دڵسۆزیم بۆ هونەر، هەردووکیانم خۆش دەوێت، چونکە کاری هونەری لە راستیدا پڕە لە ئاستەنگی و  کێشەی بودجە و لۆکەیشن تا ئاڵۆزییەکانی پڕۆدەکشن، بەڵام بۆمن گرنگترین شت ئەوەیە کە بتوانم رۆڵەکەی خۆم بە باشترین شێوە پێشکەش بکەم، هەمیشە بیر لەوە دەکەمەوە کە تا چەند دەتوانم رۆڵەکە بەدڵی بینەرەکانم بێت، چونکە من حەزم بە کاری کرچ و کاڵ نییە."

لەکۆتایی قسەکانیدا، بێریڤان سەربەست، باس لە پڕۆژەی نوێی هونەری خۆی دەکات و دەڵێت، "پڕۆژەیەکی نوێم لە ئاستی ئامادەکردندایە، کە سیناریۆیەکی بەهێزی بۆ نووسراوە، بەڵام جێبەجێبوونی پەیوەستە بە باشبوونی بارودۆخ و دابینکردنی بودجە و سپۆنسەر، هیوادارم بتوانین کاری لەسەر بکەین."

بێریڤان سەربەست، ئەکتەری بواری درامی و سینەمایی، خەڵکی شاری سلێمانییە. دوای ماوەیەک وەستان، جارێکی تر لە ساڵی 2018 گەڕاوەتەوە بۆ بواری هونەر. تا ئێستا بەشداریکردووە لە 7 دراما، زیاتر لە 8 فیلمی سینەمایی و 6 شانۆ. هەروەها خەڵاتی باشترین ئەکتەری لە فێستیڤاڵی موسڵ وەرگرتووە، لە فیلمێکی کورت بە ناوی "پەنجەرە" و لە زۆر بەرهەمی دیکەدا وەک مەیکئەپ ئارتێستیش کاریکردووە.