دیپای هۆکاری بەکارهێنانی مۆبایل لە کاتی یاری ئاشکرا دەکات
مێمفیس دیپای یاریزانی هۆڵەندی یانەی کۆرنسیانزی بەڕازیلی، بەهۆی بەکارهێنانی مۆبایلەکەی لە کاتی بەڕێوەچوونی یاری یانەکەی بەرامبەر فلامینگۆ رووبەڕووی رەخنەیەکی زۆر بووەوە و لە کۆتاییدا ئەو یاریزانە هۆکارەکەی بڵاوکردەوە.
لە یاری نێوان کۆرنسیانز و فلامینگۆ کە یارییەکە بە یەکسانبوون کۆتایی هات و مێمفیس دیپای یاریزانی هۆڵەندی یانەی کۆرنسیانز، لەم یارییە بەهۆی پێکان لە خولەکی 22 ناچار بوو یاریگا جێبهێڵێت و لەسەر کورسی یەدەگ بینەری یارییەکە بێت.
لە کۆتا خولەکەکانی یارییەکە کامێرایەکی یاریگا ئەو یاریزانەی راو کرد کە خەریکی بەکارهێنانی مۆبایلەکەی بوو، لەو کاتەوەش یەکێک لە بەرپرسەکانی یانەکە لێی نزیک دەبێتەوە و داوای لێدەکات مۆبایلەکەی هەڵگرێت، دوای یارییەکەش لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان رەخنەیەکی زۆر لەو یاریزانە گیرا.
دوای چەند رۆژێک یاریزانە هۆڵەندییەکە هۆکاری بەکارهێنانی مۆبایلی بڵاوکردەوە و دەڵێت '' لەو کاتەوە پەیوەندی بە پزیشکی تایبەتی کردووە و لە پێکانەکەی ئاگادار کردووەتەوە ''.