لاڤرۆڤ: مۆسکۆ دژی هەر هێرشێکی ئەمریکا و ئیسرائیلە بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران
وەزیری دەرەوەی رووسیا، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ عەباس عێراقچی، هاوتا ئێرانییەکەی، هەڵوێستی وڵاتەکەی راگەیاند و جەختی لە رەتکردنەوەی توندی هەر هێرشێکی ئەمریکا و ئیسرائیل کردەوە بۆ سەر بنکە و دامەزراوە ئەتۆمییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران.
دووشەممە 23ـی ئاداری 2026، وەزارەتی دەرەوەی رووسیا لە بەیاننامەیەکدا بڵاویکردەوە، سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی رووسیا و عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنییدا بارودۆخی ناوچەی کەنداویان تاوتوێ کردووە کە بەهۆی دەستدرێژییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە گرژییەکی زۆری بەخۆیەوە بینیوە.
لاڤرۆڤ ئاماژەی بەوە کردووە، هێرشکردنە سەر ژێرخانە ئەتۆمییەکانی ئێران، بەتایبەتی وێستگەی ئەتۆمی بۆشەهر، مەترسییەکی قبوڵنەکراو بۆ سەر سەلامەتی کارمەندە رووسییەکان دروست دەکات و دەبێتە هۆی کارەساتێکی ژینگەیی گەورە کە کاریگەریی دەبێت بۆ سەر سەرجەم وڵاتانی ناوچەکە بێ جیاوازی.
هەروەها هەردوولا نیگەرانی قووڵی خۆیان دەربڕی لەو لێکەوتە مەترسیدارانەی کە بەهۆی ململانێکانەوە لە دەریای قەزوین دروست بوون کە واشنتن و تەلئەڤیڤ بە بەرپرسیار دەزانن لە هەڵگیرساندنی.
لایەنی رووسی جەختی لە پێویستی راگرتنی دەستبەجێی کردەوە سەربازییەکان و دۆزینەوەی چارەسەرێکی سیاسی کردەوە کە بەرژەوەندییە رەواکانی هەموو لایەنەکان، بەتایبەت ئێران، لەبەرچاو بگرێت.
لاڤرۆڤ جەختی لەوە کردووەتەوە، رووسیا لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی پابەند دەبێت بەم هەڵوێستە.
لە کۆتایی پەیوەندییەکەدا، عەباس عێراقچی سوپاسی سەرکردایەتی رووسیای کردووە بۆ ئەو پشتیوانییە دیپلۆماسی و هاوکارییە مرۆییە گرنگانەی کە پێشکەشی ئێرانیان کردووە.