ئێران: پلانی سەرسوڕهێنەری جەنگ و سوپرایزمان هەیە
سەرچاوەیەکی ئاگاداری سەربازیی ئێران دەڵێت "پلانی سەرسوڕهێنەرمان بۆ رۆژانی داهاتووی جەنگ داڕشتووە و پێویستە ترەمپ چاوی لەسەر مۆبایل هەڵگرێت سەری بەرز بکاتەوە سەیری ئاسمان و بۆرسە و نرخی نەوت بکات".
ئاژانسی هەواڵی تەسنیم کە نزیک لە سوپای پاسدارانە بە بڵاوکردنەوەی هێرشێکی فراوانی مووشەکی لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگاداری سەربازییەوە بڵاویکردووەتەوە و گوتویەتی " ترەمپ هەموو بژاردە سەربازییەکانی لەم جەنگە بە شکستخواردوویی دەبینێت و بیر لە رێگەیەک بۆ دەربازبوون لەم چەقبەستووییە دەکاتەوە؛ هەر بۆیە جەنگەکەی لە کەشتییە هەڵهاتووەکانیەوە راکێشاوەتە بۆ ناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە".
سەرچاوەکەی تەسنیم ئاماژەی بەوەداوە "ترەمپ دەزانێت کە چەک و جبەخانە سەربازییەکانی و توانای بەرگریی لە دۆخێکی زۆر خراپدایە و هیچ ئومێدێکی بە سەرکەوتنی سەربازی و کردنەوەی گەرووی هورمز نییە؛ بۆیە کردە سەربازییەکانی کەمکردووەتەوە و پەنای بۆ قسە فڕێدان بردووە، کە ئەمەش شەرمەزاری زیاتری بۆ دەهێنێت".
راشیگەیاندووە "پێچەوانەی بەڵێنە بێبنەماکانی ترەمپ، ئێران سوپرایزی بۆ رۆژانی داهاتووی جەنگ ئامادە کردووە، کە دەرئەنجامی جەنگ دەگوڕێت و تووشی سەرسوڕهێنانیان دەکات".
هەروەها دەڵێت "پێویستە ترەمپ کەمێک چاوی لەسەر مۆبایل و سۆشیەل میدیا لابدات و سەرهەڵبڕێت و سەیری ئاسمان و بۆرسە و نرخی نەوت بکات".