قالیباف: هیچ دانوستانێک لەگەڵ ئەمریکا نەکراوە

سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، هەموو ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە کە باس لە ئەنجامدانی دانوستان لەگەڵ واشنتن دەکەن. رایگەیاند کە بڵاوکردنەوەی ئەم جۆرە هەواڵانە تەنیا بۆ یاریکردنە بە بازاڕەکانی نەوت و دارایی جیهان و هەوڵێکە بۆ رزگارکردنی ئەمریکا و ئیسرائیل لەو زۆنگاوەی تێیدا گیریان خواردووە.

ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە 23ی ئازاری 2026، محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "ئێکس"، وەڵامی لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپی دایەوە و رایگەیاند: "هیچ جۆرە دانوستانێک لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئەنجام نەدراوە."

قالیباف ئاماژەی بەوە کرد کە بڵاوکردنەوەی ئەم زانیارییانە وەک "هەواڵی ساختە" بەکاردەهێنرێت بۆ ئەوەی کاریگەری بخرێتە سەر بازاڕە داراییەکان و نرخی نەوت، هەروەها هەوڵێکە تاوەکوو ئەمریکا و ئیسرائیل لەو قەیرانە قووڵە دەرباز بکەن کە بەهۆی جەنگەوە رووبەڕوویان بووەتەوە.

سەرۆکی پەرلەمانی ئێران جەختی کردەوە کە گەلی ئێران داوای سزادانی تەواوەتی و پەشیمانکەرەوەی دەستدرێژیکاران دەکەن. گوتیشی: "تەواوی بەرپرسانی ئێران بە توندی لە پشت رێبەری باڵا و گەلی خۆیان وەستاون تا ئەو کاتەی ئەم ئامانجە سزادانی دوژمنان بەدی دێت.

هەروەها ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، پشتڕاستی کردەوە کە لە رێگەی وڵاتانی نێوەندگیرەوە پەیامی ئەمریکایان بۆ ئەنجامدانی دانوستان و کۆتاییهێنان بە شەڕ پێگەیشتووە، بەڵام هیچ دانوستانێکی راستەوخۆ لەگەڵ واشنتن ئەنجام نەدراوە.

ئەم لێدوانانەی قالیباف لە کاتێکدایە کە پێشتر میدیاکانی ئیسرائیل و ئەمریکا ئاماژەیان بەوە کردبوو کە قالیباف ئەو کەسایەتییە باڵایەیە کە دۆناڵد ترەمپ باسی دەکات و گوایە لەگەڵ شاندەکەی واشنتن گەیشتووەتە رێککەوتنی بەرایی