ستارمەر: خۆمان بۆ شەڕێکی درێژخایەن لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئامادە دەکەین

سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا رایگەیاند، پێویستە وڵاتەکەی ئامادەکاری بکات بۆ قۆناغێکی درێژخایەنی ئەو شەڕەی لە نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەلایەک و ئێران لەلایەکی ترەوە لە ئارادایە، ئاماژەی بەوەش کرد، حکوومەتەکەی کار لەگەڵ پیشەسازییە بەرگرییەکان دەکات بۆ جێگیرکردنی سیستەمی بەرگریی ئاسمانی بە مەبەستی پاراستنی هاوبەشەکانیان لە ناوچەی کەنداو.

دووشوممە 23ـی ئاداری 2026، کییەر ستارمەر سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا، لەبەردەم لیژنەیەکی پەرلەمانیدا گوتی: "هیچ نیگەرانییەکی جدی سەبارەت بە دابینکردنی وزەمان نییە، بەڵام دەبێت تەواوی سەرنج و وزەمان لەسەر هێورکردنەوەی خێرای دۆخەکە بێت، لەگەڵ ئەوەشدا، پێویستە پلانەکانمان لەسەر ئەو بنەمایە دابڕێژین کە رەنگە ئەم دۆخە بۆ ماوەیەکی زۆر بەردەوام بێت."

سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا ئاشکرای کرد، وڵاتەکەی بە مەبەستی پاراستنی هاوبەشەکانی لە کەنداو، کار دەکات بۆ ناردنی سیستەمی بەرگریی ئاسمانی و گوتی: "بە پەلە سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی کورت مەودا لە بەحرەین جێگیر دەکەین، هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، هەمان هەنگاو بۆ وڵاتانی کوەیت و عەرەبستانی سعوودیش دەگیرێتەبەر.

ستارمەر جەختی کردەوە، ئەم بابەتە لە کۆتایی هەفتەی رابردووەوە بایەخ و پەلەپەلی زیاتری وەرگرتووە، هەر بۆیە بڕیارە ئەمڕۆ دووشەممە کۆبوونەوەیەکی نائاسایی لەگەڵ وەزیرەکانی ئەنجام بدات بۆ تاوتوێکردنی پلانەکان.

ئەم لێدوانانەی ستارمەر دوای ئەوە دێت، بەریتانیا لە 18ـی ئادارەوە رایگەیاندبوو کە هەوڵەکانی بۆ پشتیوانیکردنی هاوبەشەکانی لە کەنداو زیاد کردووە، لەوانە کڕینی مووشەکی ئاسایی و مەودا ناوەند بۆ هێزە سەربازییەکانی خۆی و هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکەدا.