وۆڵ ستریت جۆرناڵ: سوپای پاسداران مەرجی قورسی بۆ رێککەوتن داناوە

رۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ"ی ئەمریکی ئاشکرای کرد، کە سوپای پاسدارانی ئێران لیستی مەرجە قورسەکانی بۆ راگرتنی شەڕ و گەیشتن بە رێککەوتن پێشکەش کردووە. مەرجەکان داواکاریی بێوێنە لەخۆ دەگرن، لەوانە کۆنترۆڵکردنی گەرووی هورمز و داخستنی تەواوی بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە وڵاتانی کەنداو.

دووشەممە 23ی ئاداری 2026، بەپێی راپۆرتێکی رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ کە لە زاری سەرچاوە ئاگادارەکانەوە بڵاو کراوەتەوە، فەرماندەیی سوپای پاسدارانی ئێران پێشنیازێکی گشتگیری بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێ سەربازییەکان ئامادە کردووە. لە پێشەنگی داواکارییەکاندا، سوپای پاسداران داوای رێککەوتنێکی نوێ بۆ گەرووی ستراتیژیی هورمز دەکات، بە جۆرێک کە تاران مافی تەواوی هەبێت چاودێریی هاتوچۆ بکات و باجی تێپەڕین لەو کەشتییە بازرگانی و نەوتکێشانە وەربگرێت کە بە گەرووەکەدا تێدەپەڕن.

لە بەشێکی دیکەی مەرجەکاندا، ئێران داوای گەرەنتییەکی نێودەوڵەتی دەکات کە شەڕی دژ بە وڵاتەکەی جارێکی دیکە دەستپێنەکاتەوە، هاوکات جەخت لەسەر راگرتنی دەستبەجێی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر حزبوڵڵای لوبنان دەکاتەوە و وەک مەرجێکی سەرەکی بۆ رێککەوتن دەیناسێنێت.

وۆڵ ستریت جۆرناڵ ئاماژەی بەوەش کردووە، کە سوپای پاسداران داوای چۆڵکردن و داخستنی تەواوی بنکە سەربازییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ناوچەی کەنداو دەکات. جگە لەم داواکارییە سەربازی و سیاسییانە، تاران داوای قەرەبووی دارایی گەورە دەکات بۆ ئەو زیانە فراوانانەی کە بەهۆی بۆردوومانەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە بەر ژێرخانی ئابووری و سەربازیی ئێران کەوتوون.

ئەم مەرجانە، کە لەلایەن چاودێرانی سیاسییەوە وەک داواکاریی لانی هەرە زۆر وەسف دەکرێن، لە کاتێکدایە کە هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە بەردەوامن و واشنتن چاوەڕێی وەڵامی فەرمیی تارانە بۆ ئەو دەسپێشخەرییانەی کە لە ئارادان.