سوپای ئیسرائیل: ناوەندێکی سوپای پاسدارانمان لە ناو جەرگەی تاران بۆردوومان کرد
سوپای ئیسرائیل رایگەیاند کە لە هێرشێکی ئاسمانیی ورددا، بارەگایەکی ناوەندیی سوپای پاسدارانی لە ناو پایتەختی ئێران تێکشکاندووە. ئەم بارەگایە کە لە ناو ژێرخانێکی مەدەنی نیشتەجێ ببوو، ناوەندی سەرەکیی هەماهەنگیی هێزە ئەمنییەکان و فەرماندەیی کەرتەکانی بەسیج بووە بۆ سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییە ناوخۆییەکان.
دووشەممە 23ی ئاداری 2026، سوپای ئیسرائیل (IDF) لە راگەیەندراوێکدا، ئاشکرای کرد، کە کەمێک پێش ئێستا فڕۆکە جەنگییەکانیان، بە پشتبەستن بە زانیارییە وردەکانی دەزگای هەواڵگریی سەربازی، هێرشێکی چڕیان کردووەتە سەر بارەگایەکی ئەمنیی ستراتیژیی سوپای پاسداران لە ناوەندی شاری تاران. بەپێی راگەیەندراوەکە، ئێران ئەم بارەگایەی لە ناوچەیەکی مەدەنی جێگیر کردبوو تاوەکوو وەک قەڵغان بەکاری بهێنێت.
ئەم ناوەندە سەربازییە رۆڵی تەوەریی گێڕاوە لە هەماهەنگیی نێوان یەکە جیاوازەکانی سوپای پاسداران بۆ چەسپاندنی دەسەڵات و پاراستنی ئاسایشی ناوخۆ. هەروەها ئاماژە بەوە کراوە کە فەرماندەیی کەرتەکانی بەسیج لەم شوێنەوە ئاراستە کراون؛ ئەو هێزەی کە ساڵانێکی درێژە بەرپرسە لە ئەنجامدانی سەرکوتکردنی بێبەزەییانەی خۆپیشاندانە ناوخۆییەکانی ئێران لە رێگەی توندوتیژی، گرتنی بەکۆمەڵ و بەکارهێنانی هێزی کوشندە دژ بە هاووڵاتییان.
سوپای ئیسرائیل جەختی کردەوە کە پێش ئەنجامدانی هێرشەکە، چەندین رێکاری پێویست گیراوەتە بەر بۆ کەمکردنەوەی زیانی مەدەنی، لە وانە بەکارهێنانی چەکی زیرەک و ورد، چاودێریی بەردەوامی ئاسمانی و سوودوەرگرتن لە زانیارییە هەواڵگرییەکان.
ئەم ئۆپەراسیۆنە وەک بەشێک لە ستراتیژیی "قووڵکردنەوەی زیانەکان" بە جومگە سەرەکییەکانی ئێران و پەکخستنی تواناکانی لە پاراستنی ناوخۆ و هەناردەکردنی توندوتیژی دەبینرێت، کە لەم دواییانەدا ئیسرائیل چڕی کردووەتەوە.