قەرارگەی خاتەمولئەنبیا: پێویستمان بە مینڕێژکردنی کەنداو نییە

ئیبراهیم زولفەقاری گوتەبێژی قەرارگەی خاتەمولئەنبیا دەڵێت " کۆماری ئیسلامی ئێران توانایەکی تەواوی بەسەر کەنداو و هەرێمە ئاوییەکانی عومانەوە هەیە و ژیرانە کۆنترۆڵی گەرووی هورمزی کردووە، بۆیە پێویستی بە مینڕێژکردنی رووبەرە ئاوییەکانەوە نییە".

زولفەقاری ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە 23ی ئاداری 2026، لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا دەڵێت "هۆی هەژموون و دەسەڵاتی تەواوەتی بەسەر هەرێمە ئاوییەکانی ناوچەکەوە، پێویستمان بە دانان و بڵاوکردنەوە مین لە کەنداو نییە، چونکە لە هەموو توانا ئەمنییەکانەوە توانیومانە سوود وەربگرین".

گوتەبێژەکەی خاتەمولئەنبیا دەڵێت "هێزە چەکدارەکانی ئێران بە زاڵبوون بەسەر دوژمنانی ئەمریکی- ئیسرائیلی، بە هاوکاریی وڵاتانی ناوچەکە توانای دەستەبەرکردنی ئاسایشی کەنداویان هەیە، بۆیە وڵاتانی هەرێمی مافی دەستوەردانیان لەم ناوچەیەدا نییە".

ئەمە لە کاتێکدایە 25 رۆژ بە سەر جەنگی هاوبەشی ئەمریکا و ئیسرائیل بەرانبەر بە ئێران تێدەپەڕێت، بەهۆیەوە گەرووی هورمز لەبەردەم جووڵەی بازرگانی دەریایی و هەناردەی وڵاتانی کەنداو راوەستاوە، بە تایبەت هەناردەی نەوتی وڵاتانی کەندا و ئێران یەکسان بووە بە سفر.

هەروەها لە دوای بڵاوکردنەوەی هەڵوێستە هاوبەشەکەی 22 وڵاتی عەرەبی و ئەوروپی و ئاسیایی بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز و زامنکردنی سەلامەتی جووڵەی دەریایی، دەنگۆی هێرشی زەمینی ئەمریکا و ئیسرائیل هەیە بۆ کۆنترۆڵکردنی گەورووی هورمز و دوورگەی خارگی ئێران، کە %90ی هەناردەی نەوتی ئێران لەو دوورگەیەوە دەکرێت.