بەریتانیا کەشتییەکی جەنگی رەوانەی دەریای ناوەڕاست کرد

وەزارەتی بەرگری بەریتانیا رایگەیاند، یەکێک لە کەشتییە جەنگییە پێشکەوتووەکانی گەیشتووەتە رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست، ئەمەش لە چوارچێوەی هەوڵەکانی لەندەنە بۆ بەهێزکردنی بەرگرییەکانی لە ناوچەکەدا.

دووشەممە 23ـی ئاداری 2026، وەزارەتی بەرگری بەریتانیا رایگەیاند، کەشتی جەنگی "HMS Dragon"  گەیشتووەتە رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست و دەست دەکات بە کارە سەربازییەکانی بۆ پاراستنی قوبرس، هاوکات فڕۆکە جەنگییەکانی جۆری ( تایفۆن ئێف 35 )ـی بەریتانی بەدرێژایی شەو لە ئەرکە بەرگرییەکانیان لە ئاسمانی قوبرس، ئوردن، قەتەر و بەحرەین بەردەوام بوون.

وەزارەتی بەرگری بەریتانیا ئاشکرای کرد، یەکەیەکی زەمینی هێزەکانیان، کە تایبەتە بە بەرەنگاربوونەوەی درۆن، توانیویانە لە شەوێکدا دوو درۆنی ئێرانی لە ناوچەیەکی پڕ مەترسیدار بخەنە خوارەوە.

لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا هاتووە، بەریتانیا لەگەڵ کۆمپانیاکانی کەرتی پیشەسازی کار دەکات بۆ دابینکردنی مووشەکی بەرگری ئاسمانی بۆ هاوبەشەکانی لە کەنداو، هەروەها ئاماژە بەم هەنگاوانە دراوە:

1- جێگیرکردنی سیستەمی بەرگری زەمینی "ڕاپید سێنتری" (Rapid Sentry) لە کوەیت.

2- بڕیاردان لەسەر ناردنی هەڵگرە مووشەکییە سووکەکان بۆ بەحرەین لە ئایندەیەکی نزیکدا، کە پڕۆسەی مەشق و راهێنانیش لەخۆ دەگرێت.

ئەم جموجۆڵە سەربازییانەی بەریتانیا لە کاتێکدایە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کەنداو بەهۆی ئاڵۆزییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا و ئیسرائیل، لە بارودۆخێکی هەستیاردایە، هاوکات ئێران وەکو وەڵامێک لە بەرانبەر هێرشەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا بەشێک لە وڵاتانی کەنداوی بە ئامانج گرتووە، بە هۆیەوە جگە لە زیانی ماددی زۆر سەدان هاووڵاتیش بوونەتە قوربانی.