موحسین رەزایی هەڕەشەی خنکاندن لە ئەمریکا و ئیسرائیل دەکات

موحسین رەزایی، فەرماندەی پێشووی سوپای پاسداران و ئەندامی ئەنجوومەنی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی دەوڵەت، لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا هۆشدارییەکی توندی ئاراستەی ئەمریکا و ئیسرائیل کرد و دەڵێت "ئەگەر هێرش بکەنە سەر ژێرخانەکانەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران، چیتر وەڵامەکەمان چاو بەرانبەر چاو نابن، بەڵکو (سەر بەرانبەر چاو دەبێت؛ لە دەست و پێتان دەخەین و لە کەنداودا دەتانخنکێنین."

مەحسین رەزایی دەڵێت "جەنگ بەردەوام دەبێت تا ئەو کاتەی تاران سەرجەم قەرەبووی زیانەکانی جەنگ وەردەگرێت، هەموو گەمارۆ ئابوورییەکان لادەبرێن و ئەمریکاش گرەنتی دەدات کە دەست لە کاروباری ناوخۆی ئێران وەرنەدات؛ ئەمە بڕیاری گەل، رێبەر و هێزە چەکدارەکانمانە."

بە بۆچوونی رەزایی؛ ئەمریکا و ئیسرائیل نیازی وایە ئێران داگیر بکەن و بۆ پێنج هەرێمی جیاواز دابەشی بکەن. دەڵێت "پیلانەکە ئەوەیە پارێزگاکانی خوزستان، بوشەهر و ئیلام کە دەوڵەمەندن بە نەوت، وەک ڤەنزوێلای لێ بکەن و نەوتەکەی بە ئەمریکییەکان بدەن".

موحسین رەزایی پەیوەندیی نێوان دۆناڵد ترەمپ و بنیامین نەتانیاهۆی بە "دووانەیەکی بەیەکەوە نووساو" وەسفکرد و دەڵێت "بەڵام لە ستراتیژیدا جیاوازن". ئاشکراشیکرد، دوای کوشتنی خامنەیی بڕیاربوو ئاگربەست بکەن، بەڵام ئیستا کۆنترۆڵی گۆڕەپانەکە کەوتووەتە دەستی ناتانیاهۆ نەک ترەمپ، لە سەردەمی ئیدارەی بۆشی کوڕ رووداوێکی سیاسی ئەمریکی و ئیسرائیل دروستبوو، ئەو کاتە بۆش رێگەی بە ئیسرائیل نەدا لە دۆسیەی ئەفغانستان دەستوەردان بکات.

 گوتیشی "نەتانیاهۆ دەیەوێت ئیسرائیلی گەورە دروست بکات و عێراق و سووریا داگیر بکات، ئێستاش ترەمپ بەدوای خۆیدا رادەکێشێت و مەیدانی جەنگەکەی کۆنترۆڵ کردووە."

هەر لەو چاوپێکەوتنەیدا، موحسین رەزایی ئەندامی ئەنجوومەنی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی دەوڵەت، پەیامێکی ئاراستەی وڵاتانی عەرەبی کرد و گوتی "نەکەونە داوی ئەم پلانەوە، ئەگەر بزانن قوڵایی ئەم نەخشەیە چییە، لە پشت ئەمریکا و ئیسرائیل نامێننەوە و دێنە هاوکاریی ئێران، چونکە ئەم لایەنە بەدوای دەسەڵاتێکی تازە دا ناگەڕێت، بەڵکو بەدوای پشێوی نانەوە و داڕشتنەوەی یاسایەی نوێیە بۆ جیهان."

لە کۆتاییدا، موحسین رەزایی پێشبینی کرد کە بەمزووانە درزێکی گەورە لە نێوان بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل دروست بێت، هاوشێوەی ئەو ناکۆکییەی لە کۆتایی جەنگی ئێران و عێراق لە نێوان ئەمریکا و سەدام حوسێن دروست بوو.