سەرەڕای مۆڵەتەکەی ترەمپ؛ هێرشکرایە سەر دامەزراوەکانی وزەی ئێران لە ئیسفەهان و خوڕەمشهر

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ، ئاژانسی هەواڵی "فارس"ی ئێرانی رایگەیاند، دوو دامەزراوەی گرنگی وزە لە شارەکانی ئیسفەهان و خوڕەمشهر کراونەتە ئامانج. ئەم هێرشانە لە کاتێکدایە کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، رایگەیاندبوو؛ هەر هێرشێک بۆ سەر ژێرخانی وزەی ئێران بۆ ماوەی پێنج رۆژ دوادەخرێت.

بەگوێرەی راپۆرتی ئاژانسەکە، ئەمڕۆ سێشەممە، 24ـی ئاداری 2026، لە شاری ئیسفەهان باڵەخانەی بەڕێوەبردنی غاز و وێستگەیەکی کەمکردنەوەی پەستانی غاز لە شەقامی کاوە پێکراون. هێرشەکە زیانی بە بەشێک لە دامەزراوەکە و چەند یەکەیەکی نیشتەجێبوونی نزیک لە ناوچەکە گەیاندووە.

ئاژانسەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، بەهۆی گرتنەبەری رێوشوێنی پێشوەختە و "ئۆفلاین"کردنی وێستگەکە پێش هێرشەکە، رێگری لە تەقینەوەیەکی کارەساتبار کراوە.

لەلایەکی دیکەوە، پارێزگاری خوڕەمشهر ڕایگەیاند؛ مووشەکێک بەر ناوچەیەکی دەرەوەی وێستگەی بۆری غازی شارەکە کەوتووە. پارێزگار جەختی کردەوە، هێرشەکە هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتووەتەوە و پرۆسەی دابینکردنی وزە بۆ هاووڵاتیان بەبێ پچڕان بەردەوامە.

ئەم پەرەسەندنە سەربازییانە دوای ئەوە دێن لە 18ـی ئاداردا، ئیسرائیل کێڵگەی گازی "پارسی باشوور" کە گەورەترین کێڵگەی غازی ئێرانە و دامەزراوەکانی ئوسولویەی کردە ئامانج. دوابەدوای ئەو هێرشانە، دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند؛ داوای لە بنیامین ناتانیاهۆ کردووە هێرشەکان رابگرێت و مۆڵەتی پێنج رۆژی دیاریکرد بۆ ئەوەی لە رێگەی دانوستانەوە بگەینە رێککەوتن، بەڵام تاران بوونی هەر جۆرە دانوستانێکی راستەوخۆی لەگەڵ واشنتن رەتکردەوە.

لە کاردانەوەی ئەم هێرشانەدا، بەرپرسانی باڵای ئێران هۆشداریی توندیان دایە ئەمریکا و وڵاتانی ناوچەکە. محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران رایگەیاند: "ئەگەر وێستگەکانی کارەبای ئێران بکرێنە ئامانج، دامەزراوە گرنگەکانی وزە لە تەواوی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست رووبەڕووی وێرانکارییەکی نەگەڕاوە دەبنەوە."

هاوکات، سوپای پاسدارانی ئێران هەڕەشەی ئەوەی کردووە، وەڵامدانەوەکانیان تەنیا ئیسرائیل ناگرێتەوە، بەڵکو ئەو بنکە سەربازییانەی ئەمریکاش دەگرێتەوە کە لە ناوچەکەدا جێگیرکراون، لەگەڵ بە ئامانجگرتنی ژێرخانی وزە و ئاوی ئەو وڵاتانەی کە هاوکاری هێرشەکان دەکەن.