ئێران ژمارەی درۆنە تێکشکێنراوەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلی بڵاوکردەوە

سوپای ئێران ئاماری نوێی تێکشکاندنی درۆنەکانی بڵاوکردەوە و رایگەیاند؛ لە سەرەتای دەسپێکی جەنگەوە تا ئێستا توانیویانە131 درۆن بخەنە خوارەوە.

فەرمانگەی پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای ئێران لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند: "هێزەکانی بەرگری ئاسمانی سەرکەوتوو بوون لە دەستنیشانکردن و پێکانی دوو درۆنی دوژمن کە ئاسمانی وڵاتیان پێشێل کردبوو."

بەیاننامەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، درۆنەکان لە ئاسمانی ناوچەکانی (قشم و کرمان) کراونەتە ئامانج و خراونەتە خوارەوە.

بەگوێرەی راگەیەندراوەکەی سوپا، بە تێکشکاندنی ئەم دوو درۆنە، کۆی ژمارەی ئەودرۆنانەی لەلایەن "تۆڕی یەکگرتووی بارەگای هاوبەشی بەرگریی ئاسمانیی ئێران"ەوە لەناوچوون، گەیشتووەتە 131 درۆن.

ئەم راگەیاندنەی سوپای ئێران لە کاتێکدایە ناوچەکە بە دۆخێکی ئاڵۆزی ئەمنیدا تێدەپەڕێت و چاودێرانی سەربازیش بە وردی چاودێری پەرەسەندنەکانی توانای بەرگریی ئاسمانی ئەو وڵاتە دەکەن.