پزیشكیان: هەر کەشتییەک پەیوەندی بە ئەمریکا و ئیسرائیلەوە نەبێت دەتوانێت لە گەرووی هورمز بپەڕێتەوە
سەرۆککۆماری ئێران ئاشکرای کرد، وڵاتەکەی کۆمەڵێک رێکاری گرتووەتەبەر سەبارەت بە جوڵەی کەشتییەکان لە گەرووی هورمز.
مەسعود پزیشكیان لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستان رایگەیاند، ئێران رێکاری کرداری دەگرێتەبەر بۆ دڵنیابوون لە ئاسایش و سەلامەتی گەشتکردن و تێپەڕبوونی کەشتییەکان بەم رێڕەوی ئاوییە، هەروەها هەماهەنگی لەگەڵ ئەو کەشتییانە دەکات کە هیچ پەیوەندییەکیان بە دەستدرێژکارانەوە نییە و بەشدار نین تێیدا.
ئێران پێشتر رایگەیاندبوو، پەڕینەوە لە رێگەی گەرووی هورمز بۆ ئەو کەشتیانەی پەیوەندییان بە ئەمریکا یان ئیسرائیلەوە نییە رێگەپێدراوە، بە مەرجێک هەماهەنگی لەگەڵ تاران بکات.
لە 28ـی شوباتەوە، ئیسرائیل و ئەمریکا هێرشیان کردە سەر ئێران و دەیان ئامانجیان بۆردومان کرد، هەروەها دەیان فەرماندە و بەرپرسی ئەو وڵاتە کوژراون، لەوانە رێبەری باڵا، عەلی خامنەیی و عەلی لاریجانی و عەلی شەمخانی، هەروەها ئێران هێرشی تۆڵەکردنەوەی بۆ سەر ئیسرائیل و ئامانجە سەربازییەکانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەستپێکرد.