لە لەندەن پێشانگەیەکی شێوەکاری بۆ 13 خانمە هونەرمەندی کورد کرایەوە
پێشانگەیەکی شێوەکاری هاوبەش بۆ 13 خانمە هونەرمەندی شێوەکار لەژێر ناوی "ژن لە هونەر" لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیا کرایەوە.
دووشەممە، 23ـی ئاداری 2026، بەفرین ڕەشید، خانمە شێوەکاری بەشداربووی پێشانگەکە بە کوردستان24ی گوت، "لە چوارچێوەی پشتگیری لە هونەرمەندانی ژن، پێشانگایەکی تایبەت کە تێیدا کارەکانی 13 هونەرمەندی ژن پێشان دران، لە گەلەری W3 کە شوێنێکی ناسراوە بۆ پێشکەشکردنی کارە هونەرییە جۆراوجۆرەکان کرایەوە و ژمارەیەکی زۆر لە هونەرمەندان و ئارەزوخوازانی بواری هونەر لە کردنەوەی پێشانگەکە تێیدا بەشداربوون."
بەفرین ڕەشید گوتیشی، "پێشانگەکە لەلایەن یوسف ناسرەوە ڕێکخرابوو، بە هاوبەشی لەگەڵ دامەزراوەی هونەرکردن و ئامانجی سەرەکی پێشانگەکە بریتی بوو لە پشتگیری و نیشاندانی بەهرە و داهێنانی ژنان لە بواری هونەردا و تێیدا کۆمەڵێک تابلۆمان نمایش کرد کە ڕەنگدانەوەی حەز و ئارەزووەکانی ژن بوو."
ئەو خانمە شێوەکارە باس لە گرنگی کردنەوەی پێشانگەکە دەکات و دەڵێت، "ئەم چالاکییە هەوڵێکە بۆ بەهێزکردنی دەنگی هونەرمەندانی ژن و فراوانکردنی بوارەکانیان بۆ پێشکەشکردنی کارەکانیان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیدا، لەکاتێکدا کە ڕۆڵی ژنان لە بواری هونەردا ڕۆژ بە ڕۆژ بەرزتر دەبێت، ئەم پێشانگەیە دەکرێت ببێتە پلاتفۆرمێکی گرنگ بۆ ناساندنی بەرهەمەکان و هاوکاری نێوان هونەرمەندان."
شایەنی باسە، پێشانگەی "ژن لە هونەر" ئەمڕۆ 23ی ئاداری 2026 لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیا کرایەوە و ماوەی 7 ڕۆژ بەردەوام دەبێت.