رۆیتەرز: سوپای پاسداران جڵەوی بڕیارەکانی ئێرانی گرتووەتە دەست و مەرجی قورس بۆ ترەمپ دادەنێت
سەرچاوە باڵاکانی تاران بە ئاژانسی رۆیتەرزیان راگەیاندووە، کە لەگەڵ بەردەوامیی جەنگدا، هەڵوێستی ئێران بۆ دانوستان بە شێوەیەکی بەرچاو توندتر بووە. ئێستا سوپای پاسداران خاوەنی بڕیاری کۆتاییە و داوای کۆمەڵێک ئیمتیاز لە ئەمریکا دەکات کە وەک هێڵی سوور بۆ دۆناڵد ترەمپ دەبینرێن، لە وانە کۆنترۆڵکردنی فەرمیی گەرووی هورمز و وەرگرتنی قەرەبووی زیانەکانی جەنگ.
سێشەممە 24ـی ئاداری 2026، بەپێی راپۆرتەکەی رۆیتەرز، تاران تەنیا بە راگرتنی جەنگ رازی نابێت، بەڵکوو داوای گەرەنتی دەکات کە ئەمریکا جارێکی دیکە هێرش نەکاتەوە سەر خاکەکەی، هاوکات جەخت لەسەر وەرگرتنی قەرەبووی دارایی گەورە دەکاتەوە بەرانبەر ئەو وێرانکارییانەی لە سێ هەفتەی رابردوودا بەسەری هاتووە. یەکێکی دیکە لە مەرجە هەرە قورسەکان، بە فەرمی ناساندنی مافی ئێرانە بۆ کۆنترۆڵکردنی تەواوەتی گەرووی ستراتیژیی هورمز، کە 20%ـی وزەی جیهانی پێدا تێدەپەڕێت.
لە کاتێکدا دۆناڵد ترەمپ باس لە هەبوونی گفتوگۆی زۆر بەهێز دەکات، سەرچاوە ئێرانییەکان نکۆڵی لە هەر جۆرە دانوستانێکی راستەوخۆ دەکەن و دەڵێن تا ئێستا تەنیا لە رێگەی تورکیا، پاکستان، میسر و وڵاتانی کەنداوەوە پەیامیان ئاڵوگۆڕ کردووە.
باس لەوەش دەکرێت کە ئەگەر بڕیار بێت دانوستانی راستەوخۆ لە ئیسلام ئاباد ئەنجام بدرێت، تاران محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمان و عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوە دەنێرێت، بەڵام بڕیاری کۆتایی لە دەستی فەرماندەکانی سوپای پاسدارانە.
لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، بەرپرسانی ئیسرائیل بە گومانەوە لەم هەوڵانە دەڕوانن و پێیان وایە ئێران هەرگیز بە داواکارییەکانی ترەمپ بۆ تێکدانی بەرنامە ناوەکی و مووشەکییەکەی رازی نابێت، چونکە ئەمانە تاکە چەکی بەرگریی ئێرانن و بەبێ ئەوان وڵاتەکە بەرانبەر هێرشەکان بێدەسەڵات دەبێت.
لە ناوخۆی ئێرانیشدا، دۆخەکە پڕە لە نادیاری؛ بە تایبەت کە موجتەبا خامنەیی، رێبەری نوێی وڵاتەکە، لەوەتەی دەستبەکاربوونییەوە لە هیچ وێنە و ڤیدیۆیەکی نوێدا دەرنەکەوتووە. ئەم نادیارییەی سەرکردایەتی و زیادبوونی هەژموونی سوپای پاسداران، مەودای مانۆڕی دیپلۆماسیی تارانی تەسک کردووەتەوە و وایکردووە تەنیا بژاردەی بەرگری و مەرجی قورس وەک رێگەی رزگاربوون ببینن.