وەزارەتی دەرەوەی ئێران: عێراقچی بەرپرسی دیپلۆماسییە نەک قالیباف
بەرپرسانی ئێران ئامادەیی وڵاتەکەیان بۆ بیستنی پێشنیازەکان بەمەبەستی کۆتاییهێنان بە جەنگ نیشان دەدەن.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 25ـی ئاداری 2026، ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەی "ئیندیا تودەی" ئاماژەی بەوە دا، "ئێمە ئەزموونێکی کارەساتبارمان لەگەڵ دیپلۆماسییەتی ئەمریکادا هەیە و بە هیچ شێوەیەک متمانەمان پێیان نییە."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا بۆ هەمان رۆژنامە، ئیسماعیل بەقایی ئەوەشی خستە روو، "لە ماوەی تەنیا نۆ مانگدا و لە نێوەندی دانوستان و هەوڵە دیپلۆماسییەکاندا، دوو جار هێرشمان کراوەتەسەر."
سەبارەت بە دابەشبوونی رۆڵەکان لە ناوخۆی ئێران بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ پرسە دەرەکییەکان، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوە پەیامێکی روونی دا و گوتی، "عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوە، بەرپرسی یەکەمە لە دیپلۆماسییەتی دەرەوەی ئێران، لە کاتێکدا سەرۆکی پەرلەمان بەپێی دەستوور ئەرکی دیکەی هەیە."
بەرپرسێکی دیکەی ئێرانی بە تۆڕی هەواڵی "سی ئێن ئێن"ـی ئەمریکی راگەیاندووە، تاران ئامادەیە گوێ لەو پێشنیازانە بگرێت بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ناوچەکە پێشکەش دەکرێن بە مەرجێک سەقامگیر و بەردەوام بن.
ئەمە لە کاتێکدایە، دوێنێ سێشەممە، 24ـی ئاداری 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە کۆشکی سپی بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند: "ئێمە لەگەڵ کەسانی گونجاو لە ئێران گفتوگۆ دەکەین و ئەوان زۆر بە پەرۆشن بۆ واژۆکردنی رێککەوتنێک"، بەبێ ئەوەی ناسنامەی ئەو کەسانە ئاشکرا بکات گفتوگۆیان لەگەڵ دەکرێت.
سەرۆکی ئەمریکا جەختی کردەوە، تیمی دانوستانکار پێکهاتووە لە جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆک، مارکۆ روبیۆ وەزیری دەرەوە، هەروەها هەردوو نێردراوی تایبەت ستیڤ ویتکۆف و جارید کوشنەر.
ترەمپ بانگەشەی ئەوەی کرد، ئێرانییەکان "رازی بوون کە هەرگیز چەکی ئەتۆمییان نەبێت"، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا گوتی: "متمانەم بە هیچ کەسێک نییە" لە ئێران.