ئێران پێنج مەرج بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ دیاری دەکات
کۆماری ئیسلامی ئێران، بە فەرمی پێشنیازەکانی ئەمریکای بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان رەتکردەوە و رایگەیاند، تاران زیادەڕەوی لە داواکارییەکان قبوڵ ناکات و بڕیاری وەستاندنی شەڕ تەنیا لە دەستی سەرکردایەتی ئێراندایە.
چوارشەممە 25ـی ئاداری 2026، ئاژانسی "فارس"ی ئێرانی لە زاری بەرپرسێکی باڵای سیاسی و ئەمنییەوە بڵاویکردەوە، واشنتن لە رێگەی کەناڵە دیپلۆماسییەکان و نێوەندگیرە هەرێمییەکانەوە داوای دانوستانی کردووە، بەڵام تاران ئەم داوایەی بە "فێڵ و خەڵەتاندن" ناوبرد بۆ زیاترکردنی گرژییەکان.
ئەو بەرپرسە ئاماژەی بەوەش کرد، ئەزموونەکانی دانوستانی بەهار و زستانی 2025 سەلمێنەری ئەوەن لایەنی ئەمریکی جیدی نەبێت، چونکە دوای دانوستانەکان هێرشی سەربازیی ئەنجامداوە.
ئێران هەر جۆرە ئاگربەستێک یان گەڕانەوە بۆ سەر مێزی دانوستانی بەستووەتەوە بە جێبەجێکردنی پێنج مەرجی سەرەکی:
1- کۆتاییهێنان بە دەستدرێژییەکان و راگرتنی تەواوی کارە دوژمنکارییەکان و تیرۆرکردنی سەرکردە و بەئامانجگرتنی دامەزراوەکانی ئێران.
2- دابینکردنی گەرەنتی و رێککەوتنی ئەمنیی بە جۆرێک رێگری بکات لە هەڵگیرسانەوەی شەڕ لە داهاتوودا.
3- دانانی میکانیزمێکی نێودەوڵەتی پابەندکار بۆ دیاریکردن و پێدانی قەرەبووی ئەو زیانانەی بەهۆی شەڕەوە بەر ئێران کەوتوون.
4- وەستاندنی شەڕ لە هەموو بەرەکاندا بە شێوەیەک کە گرووپەکانی "بەرەی مقاوەمە"ش بگرێتەوە.
5- ددانپێدانانی فەرمی بە مافی یاسایی ئێران بۆ پیادەکردنی سەروەریی خۆی بەسەر گەرووی هورمزدا وەک گەرەنتییەک بۆ پابەندبوونی لایەنەکانی دیکە.
ئەم هەڵوێستەی ئێران دوای شکستی گەڕەکانی دانوستانی جنێڤ دێت کە لە شوبات و ئاداری رابردوو بەڕێوەچوون، هاوکات ئەو بەرپرسە ئێرانییە پەیامێکی توندی ئاراستەی کۆشکی سپی کرد و گوتی: "هیچ دانوستانێک پێش قبوڵکردنی مەرجەکانی ئێران ئەنجام نادرێت، ئێمە کاتێک شەڕ کۆتایی پێدەهێنین کە خۆمان بڕیار بدەین، نەک کاتێک ترەمپ بڕیار بدات."