میدیای ئیسرائیلی: ئەمریکا و ئیسرائیل پارێزبەندیی کاتی دەدەنە عێراقچی و قالیباف
میدیاکانی ئیسرائیل ئاشکرایان کرد کە واشنتن و تەلئەڤیڤ پارێزبەندییەکی کاتییان داوەتە عەباس عێراقچی و محەممەد باقر قالیباف، تاوەکوو بەبێ مەترسیی تیرۆرکردن بەشداریی گفتوگۆکانی ڕاگرتنی جەنگ بکەن.
چوارشەممە 25ـی ئاداری 2026، کەناڵی 14ـی ئیسرائیلی بڵاوی کردەوە، هەریەکە لە عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوە و محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، گەرەنتی پاراستنیان لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە پێدراوە. ئەم پارێزبەندییە تەنیا بۆ ئەو پێنج ڕۆژەیە کە دۆناڵد ترەمپ وەک مۆڵەت بۆ گفتوگۆکان دیاریکردووە. ئامانجی ئەم هەنگاوە دڵنیاییدانە بە سەرکردایەتی ئێران کە بەرپرسە باڵاکانیان نابنە ئامانجی هێرشە ئاسمانییەکان یان تیرۆرکردن لە کاتی بەڕێوەچوونی دانوستانەکاندا.
ئەمەش لە کاتێکدایە، سەرچاوەیەکی باڵای ئێرانی بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە، کە وڵاتی پاکستان پێشنیازێکی فەرمیی ئەمریکای ڕادەستی تاران کردووە، بەڵام هێشتا بڕیار لەسەر شوێنی کۆبوونەوەی ڕاستەوخۆ نەدراوە. سەرچاوەکە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت، ئاماژەی بەوە کرد کە تورکیاش هاوکاری پڕۆسەکە دەکات و ئێستا هەردوو وڵاتی پاکستان و تورکیا وەک بژاردەی سەرەکی بۆ میوانداریکردنی دانوستانەکان لەژێر تاوتوێدان.
لە بەرانبەر ئەم هەوڵە دیپلۆماسییانەدا، ئیدارەی ترەمپ بەردەوامە لە بەهێزکردنی پێگە سەربازییەکانی لە ناوچەکەدا. بەرپرسانی کۆشکی سپی دەڵێن واشنتن ستراتیژیی دانوستان لە پێگەی هێزەوە پەیڕەو دەکات؛ واتە لە کاتێکدا پەیامی ئاشتی دەنێرێت، سوپاکەشی لەوپەڕی ئامادەباشیدا دەهێڵێتەوە تاوەکوو فشاری زیاتر بخاتە سەر تاران بۆ قبووڵکردنی ڕێککەوتنە 15 خاڵییەکەی ئەمریکا.