قالیباف هۆشدارییەکی توند دەداتە وڵاتانی ناوچەکە: ژێرخانتان دەکەینە ئامانج
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، هۆشدارییەکی توندی ئاراستەی وڵاتانی ناوچەکە کرد و رایگەیاند، هەر هەوڵێک بۆ هاوکاریکردنی دوژمنان لە داگیرکردنی خاک یان دوورگەکانی ئێران، رووبەڕووی هێرشی وێرانکەر بۆ سەر سەرجەم ژێرخانتان دەبنەوە.
چوارشەممە، 25ـی ئاداری 2026، محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، لە پەیامێکدا لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "ئێکس"، هۆشدارییەکی توندی ئاراستەی لایەنە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان کرد.
قالیباف ئاماژەی بەوە کرد، کە بە پێی کۆمەڵێک راپۆرتی هەواڵگریی ورد، دوژمنانی ئێران بە پشتیوانیی راستەوخۆی یەکێک لە وڵاتانی ناوچەکە، خەریکی داڕشتنی پیلان و ئامادەکارین بۆ داگیرکردنی یەکێک لە دوورگەکانی ئێران. قالیباف ئەم هەنگاوەی بە "بەزاندنی هێڵە سوورەکان" ناوبرد.
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران جەختی لەوە کردەوە، کە هێزە چەکدارەکانی وڵاتەکەی بە وردی چاودێریی سەرجەم جموجۆڵەکانی دوژمن دەکەن و رایگەیاند: "هێزەکانمان لە ئامادەباشی تەواودان و هیچ جووڵەیەکی نەیاران لە چاومان ون نابێت."
لە پەیامەکەیدا، قالیباف هەڕەشەیەکی راستەوخۆی ئاراستەی وڵاتانی ناوچەکە کرد و گوتی: "ئەگەر دوژمنان هەر هەنگاوێکی کردەیی بنێن، ئەوا سەرجەم ژێرخان ئابووری و وزەی ئەو وڵاتە ناوچەییانەی کە هاوکارییان دەکات، دەبێتە ئامانجی هێرشی بەردەوام و بێبەزەییانەی ئێران، بە جۆرێک کە هیچ بوارێک بۆ ڕەحمکردن نەمێنێتەوە."
ئەم لێدوانانەی قالیباف لە کاتێکدایە کە گرژییەکان لە ناوچەکە گەیشتوونەتە لوتکە و تاران چەندین جار رایگەیاندووە، کە دەستبەرداری هیچ بستە خاکێکی خۆی نابێت و وەڵامەکانی بۆ هەر دەستدرێژییەک "سەخت و پشوو بڕ" دەبن.
بەیانیی شەممە، 28ـی شوباتی 2026، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر ئێران دەست پێکرد و لە ئەنجامدا چەند سەرکردەیەکی وڵاتەکە کوژران.
بەڵام ئێران هەر زوو وەڵامی ئەو هێرشانەی دایەوە و وێڕای ئاراستەکردنی ژمارەیەک مووشەک بۆ ئیسرائیل، چەندین بنکە و بارەگا سەربازییەکانی ئەمریکای لە وڵاتەکانی ناوچەکەدا کردە ئامانج.