عێراقچی: دوژمن لە دابەشکردنی وڵاتمان شکستی هێنا
وەزیری دەرەوەی ئێران، جەختی لە شکستی ستراتیژیی ئەمریکا و ئیسرائیل کردەوە لە جەنگەکەیاندا دژی تاران و رایگەیاند، گەرووی هورمز لە ژێر کۆنترۆڵی ئێراندایە و تەنانەت دوای جەنگیش بە رێکاری تایبەت بەڕێوە دەبرێت.
چوارشەممە، 25ـی ئاداری 2026، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفیزیۆنیدا، گوتی: کە وڵاتەکەی توانیویەتی رێگریی لە ئەمریکا و ئیسرائیل بکات لەوەی بگەن بە ئامانجەکانیان.
عێراقچی ئەم جەنگەی وەک "خاڵێکی زێڕین" لە مێژووی ئێراندا وەسف کرد، چونکە بە گوتەی ئەو، دوژمن شکستی هێناوە لە دابەشکردنی وڵات، گۆڕینی رژێم و بەدەستهێنانی سەرکەوتنی خێرا.
عێراقچی دووپاتی کردەوە کە؛ یەکڕیزیی نێوخۆیی ئێران بەهێزە و هەموو هەوڵەکانی دوژمن بۆ تێکشکاندنی ئەو یەکڕیزییە و بەدەستهێنانی سەرکەوتنی سەربازی، پووچەڵ کراونەتەوە.
وەزیری دەرەوەی ئێران ئاشکرای کرد، کە تاران سیاسەتێکی جیاکاری لە گەرووی هورمز پەیڕەو دەکات. هاوکات رایگەیاند: "تەنیا رێگەمان بەو وڵاتانە داوە کە وەک دۆستی خۆمان دەستنیشانمان کردوون لە گەرووەکە تێپەڕ بن، کە بریتین لە وڵاتانی چین، رووسیا، هیندستان، عێراق و پاکستان."
عێراقچی رەخنەی توندی لە وڵاتانی ناوچەکە گرت و ئاماژەی بەوە کرد، کە بەڵگەی تەواو لەبەردەستدایە کە هەندێک دەوڵەت خزمەتگوزارییان پێشکەش بە هێزە ئەمریکییەکان کردووە.
هەروەها گوتی: "پێویستە وڵاتانی ناوچەکە لە ئەمریکا و دەستدرێژییەکانی بۆ سەر ئێران دوور بکەونەوە، چونکە هۆشداریمان پێدابوون بەڵام جدییان وەرنەگرت." هەروەها گلەیی ئەوەی کرد کە ئەو وڵاتانە تەنانەت بە زمانیش سەرکۆنەی هێرشەکانیان نەکردووە.
سەبارەت بە دەنگۆی دانوستانەکان، وەزیری دەرەوەی ئێران گوتی: "ئەوەی ئێستا ئەمریکا باسی دانوستان دەکات، داننانە بە شکست؛ ئەوانەی باسی رادەستبوونی بێمەرجی ئێرانیان دەکرد، ئێستا هەموو توانای دیپلۆماسییان خستووەتە گەڕ بۆ گفتوگۆ."
عێراقچی ئاماژەی بەوەش کرد، کە پاشەکشەی ئەمریکا لە مۆڵەتە 48 کاتژمێرییەکەی، ئەنجامی هەڵوێستی هێزە چەکدارەکانیان و هۆشدارییە دیپلۆماسییەکان بوو کە جەختیان کردبووەوە ئەگەر جەنگ دەستپێبکات، کۆتاییەکەی دیار نابێت.
عێراقچی دووپاتی کردەوە، کە ئێران خوازیاری کۆتاییهێنانە بە جەنگ بە شێوەیەک کە جارێکی تر دووبارە نەبێتەوە، نەک تەنیا ئاگربەستێکی کاتی.
گوتیشی: "بۆ جیهانمان سەلماند کە کەس ناتوانێت بەرەنگاری کۆماری ئیسلامی ببێتەوە و یاری کردن بە بەرژەوەندییەکانی ئێران لێکەوتەی زۆر سەختی دەبێت."
بەیانیی شەممە، 28ـی شوباتی 2026، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر ئێران دەست پێکرد و لە ئەنجامدا چەند سەرکردەیەکی وڵاتەکە کوژران.
بەڵام ئێران هەر زوو وەڵامی ئەو هێرشانەی دایەوە و وێڕای ئاراستەکردنی ژمارەیەک مووشەک بۆ ئیسرائیل، چەندین بنکە و بارەگا سەربازییەکانی ئەمریکای لە وڵاتەکانی ناوچەکەدا کردە ئامانج.