وۆڵ ستریت جۆرناڵ: تره‌مپ جەنگی سه‌ر ئێران راده‌گرێت

سەرۆکی ئەمریکا چاوی لەوەیە لە چەند هەفتەی داهاتوو جەنگی ئێران راگرێت.

رۆژنامەی وۆڵ ستریت جێرناڵی ئەمریکی لەسەر زاری چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار ئاشکرایکرد، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا یاریدەدەرەکانی ئاگادارکردووەتەوە لەوەی دەیەوێت جەنگی ئێران راگرێت و چاوی لەوەیە لە چەند هەفتەی داهاتوو ئەو کارە بکات.

ئاماژەی بەوەشدا، ترەمپ بڕیارە لە ناوەڕاستی مانگی ئایار لە پەکین لەگەڵ سەرۆکی چین کۆبێتەوە، هەربۆیە پێدەچێت پێش کۆبوونەوەی لەگەڵ شی جینپینگ جەنگی ئێران راگرێت.

لە 28ـی شوباتەوە ئۆپەراسیۆنی سەربازیی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران دەستیپێکردووە، لە چوارچێوەی دەستووری ئەمریکا، سەرۆک دەتوانێت بێ رەزامەندیی کۆنگرێس بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی تایبەت هێز بجووڵێنێت، بۆی هەیە تاوەکو 60 رۆژ درێژە بە ئۆپەراسیۆنەکە بدات، دوای 60 رۆژەکە دەبێت لە 30 رۆژدا تەواوی هێزی ئەمریکا بکشێنێتەوە. بەڵام بۆ درێژەدان بە ئۆپەراسیۆن و هەڵگیرساندنی جەنگ پێویستی بە رەزامەندیی کۆنگرێس هەیە، تاوەکو ئێستاش کۆنگرێس، ئامادە نییە جەنگ لە دژی ئێران راگەیێنێت.