وەزارەتی پەروەردە بژاردەی خوێندنی ئەلیکترۆنی دەخاتە بەردەم بەخێوکاران

"ئامادەبوونی قوتابی لە ناوەندەکانی خوێندن ئارەزوومەندانەیە"

وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان بڕیاری دا، رۆژی یەکشەممە پرۆسەی خوێندن لە سەرجەم ناوەندە حکوومی و ناحکومییەکان دەست پێبکاتەوە، هاوکات ئاسانکاریی تایبەتی بۆ ئەو قوتابییانە راگەیاند کە دەیانەوێت بە شێوازی ئەلیکترۆنی بەردەوام بن.

هەینی 27ـی ئاداری 2026، وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە راگەیەندراوێکی فەرمیدا، وردەکاریی دەستپێکردنەوەی دەوامی ناوەندەکانی خوێندنی بۆ ئەمساڵ خستە روو.

 بە گوێرەی راگەیەنراوەکە، رۆژی یەکشەممە 29ـی ئاداری 2026، دەوامی فەرمی لە سەرجەم قوتابخانە حکوومی، ناحکوومی و نێودەوڵەتییەکان دەست پێدەکاتەوە، ئەمەش بە پێی کۆمەڵێک رێنمایی نوێ کە مافی هەڵبژاردنی شێوازی خوێندن دەداتە بەخێوکاران.

 

خوێندنی ئارەزوومەندانە و پلاتفۆرمە ئەلیکترۆنییەکان

وەزارەت ئاماژەی بەوە کردووە، هەر بەخێوکارێک نەیەوێت منداڵەکەی لە پۆلی فیزیکیی قوتابخانەدا ئامادە بێت، بە نەهاتوو بۆی هەژمار ناکرێت، بە مەرجێک بەخێوکارەکە فۆرمی تایبەت لە قوتابخانە پڕ بکاتەوە.

بەو پێیەش ئەو قوتابییانە دەتوانن لە رێگەی پلاتفۆرمە ئەلیکترۆنییەکانی وەک (ئی-وانە) و (قوتابخانەکەم) سوود لە وانەکان وەربگرن. هەروەها ئەرکی سەرشانی مامۆستایانە کە لە رێگەی گرووپەکانی قوتابخانە یان ئەپڵیکەیشنی (ئی-هەڵسەنگاندن) ئەرکی ماڵەوە بۆ ئەم قوتابییانە بنێرن.

 

ناوەندە نێودەوڵەتی و بیانییەکان

سەبارەت بە قوتابخانە نێودەوڵەتییەکان، وەزارەتی پەروەردە جەختی کردووەتەوە کە پێویستە سیستەمی ئۆنلاین یان ئەلیکترۆنی بۆ ئەو قوتابییانە دابین بکەن کە نایانەوێت بە شێوەی فیزیکی لە پۆلدا ئامادە بن.

هاوکات قوتابخانە بیانییەکان سەرپشک کراون لەوەی بە بڕیاری دەستەی کارگێڕییان تەواوی خوێندنەکەیان بکەنە ئۆنلاین یان هاوشێوەی قوتابخانە نێودەوڵەتییەکان مامەڵە بکەن.

 

تاقیکردنەوەکان و پۆلە کۆتاییەکان

لە بڕیارەکەی وەزارەتی پەروەردەدا هاتووە، کە ئامادەبوونی فیزیکی تەنیا لە کاتی تاقیکردنەوەکاندا (بە پێی خشتەی قوتابخانە و وەزارەت) ئیجبارییە. 

بۆ قوتابیانی پۆلی 12ی ئامادەیی و 9ـی بنەڕەتی، وەزارەت دڵنیایی داوە کە ساڵنامەی خوێندنیان بۆ هەموار دەکرێتەوە تاوەکوو بە شێوەیەکی گونجاو بۆ تاقیکردنەوە نیشتمانی و وەزارییەکان ئامادە بن.

 

کەرەستە دیجیتاڵییەکان بۆ خوێندن

وەزارەتی پەروەردە لیستی پلاتفۆرمە کاراکانی بۆ هەموو قۆناغەکان بەم شێوەیە دیاریی کردووە:

پلاتفۆرمی (ئی-وانە) بۆ هەموو قۆناغەکان (1ـی بنەڕەتی تا 12ـی ئامادەیی)، لە ناوەندەکانی خوێندنی حکوومی و ناحکوومی.

پلاتفۆرمی (قوتابخانەکەم) بۆ پۆلەکانی (1 تا 6ـی بنەڕەتی)، تەنیا بۆ قوتابییانی قوتابخانە حکوومییەکان.

فۆڕمی تایبەت بە خوێندنی ئەلیکترۆنی (ئۆنلاین)