ئاودێریی هەولێر روونکردنەوە لە بارەی پۆندی دارەتوو دەدات
بەڕێوەبەرایەتیی ئاودێریی هەولێر، لە روونکردنەوەیەکدا بۆ رای گشتی، هۆکاری داڕمانی بەشێکی پۆندی دارەتووی بۆ لێزمەبارانی ئەم دواییە گەڕاندەوە، بەڵام جەختی کردەوە کە لاشەی سەرەکیی پۆندەکە هیچ مەترسییەکی لەسەر نییە.
هەینی، 27ـی ئاداری 2026، بەڕێوەبەرایەتیی ئاودێریی هەولێر، دوای بەدواداچوونی مەیدانیی پارێزگاری هەولێر بۆ بارودۆخی پۆندی دارەتوو، روونکردنەوەیرکی بڵاو کردەوە.
بەپێی ڕوونکردنەوەکە، پۆندی دارەتوو هێشتا پڕۆژەیەکی تەواو نەکراوە و رێژەی جێبەجێکردنی کارکردن تێیدا تەنیا گەیشتووەتە 78%.
لە روونکردنەوەکەدا هاتووە، شەپۆلی بارانبارینی بەخوڕی دوێنێ، بڕێکی یەکجار زۆر ئاوی رەوانەی حەوزی پۆندەکە کردووە. هاوکات پڕبوونی حەوزی بەنداوی "چەمرگە" و کردنەوەی دەرچەکانی خوارەوەی ئەو بەنداوە، وای کردووە فشارێکی زیاتر بکەوێتە سەر پۆندی دارەتوو. بەهۆی ئەوەی هەندێک بڕگەی پڕۆژەکە بەهۆی بارودۆخی داراییەوە هێشتا جێبەجێ نەکراون، لێزمەبارانەکە بووەتە هۆی داڕمانی بەشێک لە نێوان "سەرڕێژ" و "لاشەی پۆندەکە".
بەڕێوەبەرایەتیی ئاودێری دڵنیایی دەداتە هاووڵاتییان کە لاشەی سەرەکیی پۆندەکە هیچ زیان و داڕمانێکی تێدا نییە و بە پتەوی ماوەتەوە.
بەڕێوەبەرایەتییەکە دەشڵێت: ئەو بڕە ئاوەی لە حەوزەکەوە بەرەو ناوچەکانی خواروو رۆیشتووە، تەنیا بەقەد بڕی ئاوی ئاسایی سەرڕێژەکە بووە، بۆیە هیچ مەترسییەکی لافاو یان زیان گەیاندن بە ناوچەکانی دەوروبەر دروست نەبووە.
سەبارەت بە هەنگاوەکانی داهاتوو، ئاودێریی هەولێر رایگەیاندووە، کە بەڵێندەری پڕۆژەکە و لیژنەی سەرپەرشتیار راسپێردراون، تاوەکوو دەستبەجێ دوای تەواوبوونی شەپۆلی بارانبارینەکە، بە شێوازێکی ئەندازیاری و زانستی دەست بە چاککردنەوەی ئەو بەشانە بکەن کە زیانیان بەرکەوتووە، بە مەبەستی پاراستنی سەلامەتیی پڕۆژەکە و گەیشتن بە قۆناغی کۆتایی.
ئەم روونکردنەوەیەی ئاودێریی هەولێر لە کاتێکدایە کە بەهۆی شەپۆلێکی بەهێزی بارانبارین، چەندین ناوچەی هەرێمی کوردستان رووبەڕووی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو بوونەتەوە.