وەزارەتی خوێندنی باڵا: خوێندنی ئۆنڵاین دوایین بژاردەی ناچاریی دەبێت کە بیرى لێ بکەینەوە

وەزارەتی خوێندنی باڵا دووپاتی کردەوە، لەم بارودۆخەى ئیستا لەگەڵ خوێندنى ئۆنڵاین نین لە زانکۆ و پەیمانگەکانى کوردستان. جەختی لەوەش کردەوە، ئۆنڵاین دوایین بژاردەی ناچاریی دەبێت کە بیرى لێ بکەنەوە.

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند: رۆژى یەکشەممەی داهاتوو 29ـی ئاداری 2026، دەوام لەناو هۆڵەکانى خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگەکان دەستپێدەکاتەوە و زانکۆکان راسپێردراون گرنگى زیاتر بە وانە پراکتیکییەکان بدەن.

لە بارەی درێژکردنەوەی ساڵنامەی خوێندن وەزارەتەکە ئاشکرای کرد، تا ئیستا هیچ بریارێکیان لە بارەی درێژکردنەوەی ساڵنامەى خوێندن نەداوە.

لە بەشێکی دیکەی راگەیەنراوەکە، وەزارەتەکە لە بارەی خوێندنی ئۆنلاین ئاماژەی بەوە کرد، خوێندنى ئۆنڵاین زیانێکى گەورە بە پرۆسەى خوێندن دەگەێنێت.

 جەختی لەوەش کردەوە، کە لەم بارودۆخەى ئیستا لەگەڵ خوێندنى ئۆنڵاین نین لە زانکۆ و پەیمانگەکانى کوردستان.

وەزارەتی خوێندنی باڵای دووپاتی کردەوە، کە خوێندنی ئۆنڵاین دوایین بژاردەی ناچاریی دەبێت کە بیرى لێ بکەنەوە.

هەر ئەمڕۆ وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا و توێژینەوە زانستیی هەرێمی کوردستان، لە بارەی دەستپێکردنەوەی دەوامی ناوەندەکانی خوێندن کۆببوونەوە، دوای کۆبوونەوەکەش لە راگەیەنراوێکی هاوبەشدا ئاماژەیان بەوە دا، کە هەردوولایان بڕیاریان داوە رۆژی یەکشەممەی داهاتوو 29ـی ئاداری 2026، دەوام دەستپێبکاتەوە.

بەڵام وەزارەتی پەروەردە لە راگەیەنراوێکی جیادا، ئاسانکاریی تایبەتی بۆ ئەو قوتابییانە راگەیاند کە دەیانەوێت بە شێوازی ئەلیکترۆنی بەردەوام بن لە خوێندن.

وەزارەتەکە ئاماژەی بەوە کردووە، هەر بەخێوکارێک نەیەوێت منداڵەکەی لە پۆلی فیزیکیی قوتابخانەدا ئامادە بێت، بە نەهاتوو بۆی هەژمار ناکرێت، بە مەرجێک بەخێوکارەکە فۆرمی تایبەت لە قوتابخانە پڕ بکاتەوە.

بەو پێیەش ئەو قوتابییانە دەتوانن لە رێگەی پلاتفۆرمە ئەلیکترۆنییەکانی وەک ئی-وانە و قوتابخانەکەم سوود لە وانەکان وەربگرن. 

ئەمەش لە کاتێکدایە، هەینی 6ـی ئاداری 2026، هەردوو وەزارەتی پەروەردە و وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، راگەیەندراوێکی هاوبەشیان بڵاو کردبووە و تێیدا، بە رەچاوکردنی ئەو بارودۆخەی ئێستا، بڕیاریاندابوو لە رۆژی یەکشەممە 8ـی ئاداری 2026ـەوە تاوەکوو رۆژی دووشەممە 23ـی ئاداری 2026، پشووی فەرمی بێت لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندن.