زیاتر لە 200 پەرلەمانتار داوا دەکەن لە کۆبوونەوەی داهاتوو سەرۆککۆمار هەڵبژێردرێت

زیاتر لە 220 ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، داوایەکی فەرمییان ئاراستەی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان کرد بۆ ئەوەی دانیشتنی رۆژی دووشەممەی داهاتوو، 30ـی ئاداری 2026، تەرخان بکرێت بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار.

ئەو پەرلەمانتارانەی واژۆکانیان کردووە، لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرایان کردووە، "ئێمە وەک ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران، داوا لە سەرۆکایەتی پەرلەمان دەکەین بە پشتبەستن بە دەستووری عێراق و بۆ راییکردنی شایستە دەستوورییەکان و وەڵامدانەوەی پێداویستییەکانی قۆناخی ئێستا، بڕگەی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار بخاتە کارنامەی کۆبوونەوەی رۆژی دووشەممەوە."

لە راگەیەندراوەکەدا جەخت کراوەتەوە، بەردەوامبوونی ئەم دۆخە و هەڵنەبژاردنی سەرۆککۆمار بە واتای "پەکخستنی رێڕەوی شایستە دەستوورییەکان" دێت و کاریگەری نەرێنی لەسەر کارەکانی دەسەڵاتە دەستوورییەکان دروست دەکات.

پەرلەمانتاران ئاماژەیان بەوەش کردووە، پێویستە پەلە بکرێت لە تەواوکردنی ئەم شایستە نیشتمانییە گرنگە، بە مەبەستی زامنکردنی سەقامگیریی پڕۆسەی سیاسی و بەهێزکردنی متمانەی هاووڵاتییان بە دامەزراوەکانی دەوڵەت و نوێنەرەکانیان.

لە کۆتایی داواکارییەکەدا، پەرلەمانتارەکان داوایان کردووە هەموو رێکارە پێویستەکان بگیرێنە بەر بۆ ئەوەی دانیشتنەکە لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا بەڕێوەبچێت و کۆتایی بە کێشەی بەتاڵمانەوەی ئەو پۆستە باڵایەی وڵات بهێنرێت.

لە 11ـی 11ـی 2025ەوە هەڵبژاردنی گشتیی لە عێراق بەڕێوەچووە بەڵام تاوەکوو ئێستا حکوومەتی نوێ پێکنەهێنراوە، کە بەشێکی زۆری کێشەکە نێوا ماڵی شیعەبووە چونکە لەسەر کاندیدێک رێکنەکەوتوون، کاتێکیش لەسەر کاندیدێک رێککەوتن کە نووری مالیکی بوو، ئەمریکا رێگەی نەدا ئەو کاندیدەی سەرۆکوەزیران جارێکی دیکە ئەو پۆستە وەربگرێتەوە.