هونەرمەند و دەرهێنەری سینەمایی 'مەهدی ئومێد' کۆچی دوایی کرد

ئەمڕۆ شەممە، 28ـی ئاداری 2026، هونەرمەند و دەرهێنەری ناوداری سینەمای کوردی، مەهدی ئومێد، دوای ململانێیەکی سەخت لەگەڵ نەخۆشی و تێکچوونی باری تەندروستی، لە شاری هەولێر کۆچی دوایی کرد.

کۆچی دوایی ئەم دەرهێنەرە لە کاتێکدایە کە لە چەند رۆژی رابردوودا بەهۆی ناجێگیریی دۆخی تەندروستییەوە، لەسەر ئاستی جیاواز بایەخ بە ڕەوشی تەندروستی درابوو و بەڵێنی هەموو جۆرە پاڵپشتی و هاوکارییەکی بۆ چارەسەرکردن پێدرابوو، بەڵام دواجار گیانی سپارد. 

سینەما وەک دۆزێکی نەتەوەیی

مەهدی ئومێد تەنها وەک هونەرمەندێک نەیدەڕوانییە سینەما، بەڵکو بڕوای وابوو کە سینەما دەتوانێت رۆڵێکی بنەڕەتی لە "بەنەتەوەییبوون" و ناساندنی دۆزی کورد بە جیهان بگێڕێت، هەمیشە هەوڵی دەدا لە رێگەی هونەری سینەماوە جوانی و ئێش و ئازارەکانی کوردستان بە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بناسێنێت.

مەهدی ئومێد کێ بوو؟

مەهدی ئومێد یەکێک بوو لە دەرهێنەرە هەرە دیار و پێشەنگەکانی سینەمای کوردی، لە ساڵی 1955 لە شاری کەرکووک لەدایکبووە و بە ڕەچەڵەک خەڵکی رواندز بوو، بۆ ماوەیەکی درێژ لەگەڵ خێزانەکەی لە وڵاتی سوید نیشتەجێ بووە، بەڵام لە ساڵی 2000ەوە گەڕایەوە نیشتمان و لە شاری هەولێر گیرسایەوە بۆ ئەوەی بەردەوامی بە کارە هونەرییەکانی بدات.

ئەم هونەرمەندە خاوەنی چەندین بەرهەمی سینەماییە، بەڵام فیلمی "تونێل" کە لە ساڵی 1990 بەرهەمی هێناوە، بە یەکێک لە شاکارە هەرە تایبەتەکانی مێژووی سینەمای کوردی دادەنرێت و شوێنپەنجەی روونی لەو بوارەدا بەجێهێشتووە.

مەهدی ئومێد بە کۆچی دوایی خۆی، بۆشاییەکی گەورەی لە کایەی دەرهێنان و سینەمادا دروست کرد، بەڵام بەرهەمەکانی وەک میراتێکی دەوڵەمەند بۆ نەوەکانی داهاتوو دەمێننەوە.