وەزارەتی ناوخۆ: تەنیا لە سەرچاوە فەرمییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان زانیاری وەربگرن
وەزارەتی ناوخۆ ڕایگەیاند، تەنیا لە سەرچاوە فەرمییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە زانیاری وەربگرن؛ داواش لە کەناڵەکانی ڕاگەیاندن دەکەین بە وریایی مامەڵە لەگەڵ هەر هەواڵ بکەن کە پەیوەندی بە ئاسایشی هاووڵاتییان هەبێت
یەکشەممە 29ـی ئاداری 2026، وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا ئاماژەی داوە، بە هۆی ئەو بارودۆخەی لە ناوچەکە و عێراق هەیە، هەندێک سەرچاوە زانیاری نادروست دەربارەی باری ئەمنی هەرێمی کوردستان بۆ ئاڵۆزکردنی زیاتری دۆخەکە و بڵاوکردنەوەی ترس و تۆقاندن لەناو هاووڵاتییان بڵاو دەکەنەوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، ئاگاداری هاووڵاتییان دەکەین کە تەنیا لە سەرچاوە فەرمییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە زانیاری لەمبارەیەوە وەربگرن و نەکەونە ژێر کاریگەری پڕوپاگەندەی نەیارانەوە.
هەروەها داواش لە کەناڵەکانی ڕاگەیاندن دەکات بە وریایی مامەڵە لەگەڵ هەر هەواڵ و زانیارییەک بکەن کە پەیوەندی بە ئاسایشی هاووڵاتییان هەبێت و بێ وردبینی لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار زانیاری نا دروست بڵاو نەکەنەوە.