لە پارێزگاکانی نەینەوا و سەلاحەدین هێرشکرایە سەر هێزەکانی حەشدی شەعبی

بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، 29ـی ئاداری 2026، لە پارێزگاکانی نەینەوا و سەلاحەدین، دوو شوێنی سەربازیی سەر بە هێزەکانی حەشدی شەعبی لەلایەن فڕۆکەی جەنگی نەناسراو بۆردومان کران.

بەگوێرەی سەرچاوەیەکی ئەمنیی کە بە میدیاکانی ناوخۆی راگەیاندووە، لە ناوچەی رەشیدییە لە پشت نەخۆشخانەی ئیبن سینا لە مووسڵ، سێ هێرشی ئاسمانی کرایە بارەگایەکی کەتائیب سەیدولشوهەدا.

ئاماژەی بەوەشکرد، هێرشەکە هیچ زیانێکی گیانی نەبووە، تەنیا زیانی ماددی هەبووە، دەشڵێت، هێزە ئەمنییەکان گەمارۆی شوێنی رووداوەکەیان داوە و لێکۆڵینەوەیان دەستپێکردووە.

لە چوارچێوەیەکی پەیوەندیداردا، سەرچاوەیەکی دیکەی ئەمنی بڵاویکردەوە، شوێنێک کە بە "L52" ناسراوە کە سەر بە هێزەکانی حەشدی شەعبییە لە نزیک بازگەی خورماتوو، لە رۆژهەڵاتی پارێزگای سەلاحەدین، هێرشی ئامسانی کراوەتە سەر، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ زانیارییەک لەبارەی زیانە گیانی و ماددییەکان ئاشکرا نەکراوە.