وادەی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار دوای کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆک فراکسیۆنەکان دیاریی دەکرێت
دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، دیاریکردنی کاتی کۆبوونەوەی تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار، بەستراوەتەوە بەو کۆبوونەوە چاوەڕوانکراوەی کە بڕیارە لەگەڵ سەرۆک فراکسیۆنەکان ئەنجام بدرێت.
یەکشەممە، 29ـی ئاداری 2026، دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق، کۆبوونەوەیەکی تایبەتی بۆ تاوتوێکردنی کۆمەڵێک دۆسیەی گرنگی پەیوەست بە کارەکانی پەرلەمان بۆ قۆناغی داهاتوو ئەنجام دا.
لە راگەیەنراوێکدا کە دەستەی سەرۆکایەتییەکە بڵاوی کردووەتەوە، تیشک خراوەتە سەر گرنگیی خێراکردن لە تێپەڕاندنی ئەو یاسایانەی پەیوەندیی راستەوخۆیان بە ژیانی ڕۆژانەی هاووڵاتیانەوە هەیە و دەبنە هۆی بەهێزکردنی سەقامگیریی دەوڵەت.
هەروەها ئاماژە بەوە دراوە، کە پەرلەمان هەوڵەکانی چڕ دەکاتەوە بۆ تەواوکردنی پێکهاتەی لیژنە هەمیشەییەکان، تاوەکوو رۆڵی یاسادانان و چاودێریی پەرلەمان بە شێوەیەکی کاریگەرتر چالاک بکرێت.
سەبارەت بە پرسی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار، سەرۆکایەتیی پەرلەمان رایگەیاند: کە لە دوای کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆک فراکسیۆنەکان، وادەی کۆبوونەوەکە دیاریی دەکرێت.
دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان جەختی لە بەرپرسیارێتییە دەستوورییەکانی خۆی کردەوە بۆ کۆتاییهێنان بە دۆسیە هەڵپەسێردراوەکان و کارکردن بۆ چەسپاندنی سەقامگیریی سیاسی لە وڵاتدا.