وردەکاریی بڕیاری وەزارەتی پەروەردە بۆ خوێندنی ئۆنڵاین و ئەنجامدانی تاقیکردنەوەکان

وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری راگرتنی سەرجەم تاقیکردنەوە و هەڵسەنگاندنەکانی لە ناو قوتابخانەکاندا دەرکرد و جەختی لەوە کردەوە تەنیا پرۆسەی خوێندنی ئۆنلاین ئەنجام دەدرێت.

ئەمڕۆ دووشەممە (30ـی ئاداری 2026)، نوورەدین عوسمان سەعید، بەڕێوەبەری گشتیی تاقیکردنەوەکان لە وەزارەتی پەروەردە، لە نووسراوێکدا بۆ سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی پەروەردە، رایگەیاند، دوای راگەیاندنی پرۆسەی خوێندنی ئەلیکترۆنی و ئۆنلاین، سەرجەم هەڵسەنگاندن و تاقیکردنەوەکان لە ناو قوتابخانەکان رادەگیرێن.

لە نووسراوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە، بە هیچ شێوەیەک قوتابی بۆی نییە بچێتە ناو قوتابخانە و لەم قۆناغەدا تەنیا پرۆسەی خوێندنی ئەلیکترۆنی و ئۆنلاین ئەنجام دەدرێت.

 ئەم بڕیارەش سەرجەم قوتابخانە حکوومی و ناحکوومییەکان لە سیستەمی وەزارەت و نێودەوڵەتییەکان دەگرێتەوە.

سەبارەت بە قوتابخانە نێودەوڵەتییەکانیش، روونی کردەوە، هەر قوتابخانەیەک تاقیکردنەوەیەکی نێودەوڵەتیی هەبێت و وابەستە بێت بە کات و رێککەوتی دەرەوەی وڵات، پێویستە پێشوەختە بە نووسراوی فەرمی وەزارەت ئاگادار بکاتەوە بۆ ئەوەی ئاسانکاری و رێگەپێدانی بۆ ئەنجام بدرێت.

 

دەقی نووسراوەکەی وەزارەتی پەروەردە