لیندزی گراهام: لەنێوبردنی ئێران کلیلی کۆتاییهێنانە بە ململانێی عەرەب و ئیسرائیل

سیناتۆرێکی ئەمریکی، پاش گفتوگۆکردن لەگەڵ سەرۆکی وڵاتەکەی رایگەیاند، ئۆپەراسیۆنی تووڕەیی داستانئاسا زۆر خێراتر لە وادەی دیاریکراوی خۆی بەرەوپێش دەچێت. جەختی کردەوە کە بێلایەنکردنی ئێران رێگە بۆ رێککەوتنێکی مێژوویی و ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەکانی نێوان سعوودیە و ئیسرائیل خۆش دەکات.

ئەمڕۆ دووشەممە 30ـی ئاداری 2026، لیندزی گراهام سیناتۆری کۆمارییەکان، ئاشکرای کرد کە گفتوگۆیەکی زۆر باشی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئەنجام داوە سەبارەت بەو لێکەوتانەی چاوەڕێی ئێران دەکەن، ئەگەر تاران رازی نەبێت بە رێککەوتنێکی ئاشتیی قبووڵکراو.

گراهام ئاماژەی بەوە کرد، هەرچەندە پشتیوانی لە هەوڵە دیپلۆماسییەکان دەکات، بەڵام دەبێت ئەو هەوڵانە لەگەڵ ئامانجە سەربازییەکانی ئەمریکا یەکبگرنەوە.

گراهام تیشکی خستە سەر دۆخی مەیدانیی جەنگ و گوتی: "پێویستیی کارە سەربازییەکان بۆ چەند هەفتەیەکە نەک چەند مانگێک، و ئۆپەراسیۆنی تووڕەیی داستانئاسا (Operation Epic Fury) بە خێراییەکی زۆر باش بەرەوپێش دەچێت." ئاماژەشی دا، هیوای هەمیشەیی ئەو ئەوە بووە کە لە رێگەی هێرشکردنە سەر ئێران، دەروازەی ئاشتی بۆ ناوچەکە بکرێتەوە.

بە بڕوای ئەم سیناتۆرە، تێکشکاندنی هەژموونی ئێران رێگە بۆ سعوودیە و ئیسرائیل خۆش دەکات پەیوەندییەکانیان ئاسایی بکەنەوە، کە ئەمەش بە واتای کۆتاییهێنان بە ململانێی مێژوویی نێوان عەرەب و ئیسرائیل دێت. جەختی کردەوە کە ئەگەر ئەم رێککەوتنە مێژووییە ئەنجام بدرێت، دەگەڕێتەوە بۆ سەرکردایەتییە بوێر و بڕیاردەرەکەی ترەمپ لە مامەڵەکردن لەگەڵ هەڕەشەکانی تاران.

لە کۆتایی پەیامەکەیدا، لیندزی گراهام داوای لە ترەمپ کرد کە بەردەوام بێت لەسەر ئەم رێبازە بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ و گەیشتن بە رێککەوتنێکی ئاشتیی گشتگیر، تاوەکوو ئێران چیتر نەتوانێت ببێتە "تێکدەری ئاشتی" وەک ئەوەی لە رووداوەکانی 7ی ئۆکتۆبەری 2023دا ئەنجامی دا.