عێراقچی پەیوەندی بە ژمارەیەک سەرکردەی جیهانەوە کرد
وەزیری دەرەوەی ئێران لە سێ پەیوەندی تەلەفۆنی جیادا لەگەڵ بەرپرسانی باڵای بەریتانیا، تورکیا و پاکستان، دوایین پەرەسەندنە سەربازییەکانی ناوچەکەی تاوتوێ کرد.
ئەمڕۆ یەکشەممە 7ـی حوزەیرانی 2026، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران، بە جیا پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ هەریەک لە "ئیڤێت کووپەر" وەزیری دەرەوەی بەریتانیا، "هاکان فیدان" وەزیری دەرەوەی تورکیا و "فێڵد مارشاڵ عاسم مونیر" فەرماندەی سوپای پاکستان ئەنجامدا.
بەگوێرەی میدیا فەرمییەکانی ئێران، تەوەری سەرەکی گفتوگۆکان تایبەت بووە بە دوایین ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە، بەتایبەتی وەڵامە مووشەکییەکەی ئێران کە لە ئەنجامی "پێشێلکردنی بەردەوامی ئاگربەستی لوبنان لەلایەن ڕژێمی ئیسرائیلەوە" ئەنجامدراوە.
عێراقچی لەو پەیوەندییانەدا هەڵوێستی وڵاتەکەی روونکردووەتەوە و ئاماژەی بەوە داوە کە هێرشەکەیان وەڵامێک بووە بۆ دەستدرێژییەکانی ئیسرائیل، هەروەها دوایین پەرەسەندنە سیاسی و سەربازییەکانی ناوچەکەی لەگەڵ ئەو بەرپرسانەدا تاوتوێ کردووە.